سەردێڕ:

دیارترین ئەو سەرکردانەی ئێران کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە

ناکۆکییەکانی تاران و واشنتۆن
فۆتۆ: 
2019-06-25

6419 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزای بەسەر شەش سەرکردەی دیاری سوپای پاسداراندا سەپاندووە، لەپای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی لەسەر بەندەری هورمز لە هەفتەی ڕابردوودا.

بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزاکان هەریەکە لەمانە دەگرێتەوە:

عەلی ڕەزا تەنکەسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کەسە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە.

یەکێکی دیکە لەو فەرماندانەی کە سزا نوێیەکانی ئەمریکا گرتوونیەتییەوە بریتییە لە ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەرپرسیاری دەزانێت لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی وڵاتەکەی، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە خرایەخوارەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران، یەکێکە لەو ژەنەراڵانەی سوپای پاسداران کە سزاکان گرتوویەتییەوە، ئەویش بەهۆی ڕۆڵی هێزەکانی لە ناوخۆی سوریا.

جگە لەوانە، پێنج سەرکردەی دیکەی یەکەکانی هێزی دەریایی ئێران سزاکانی ئەمریکا گرتوونیەتییەوە، بەڵام وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بە ناوەکانیان نەکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیمزای لەسەر مەرسومێک کرد، بە سەپاندنی سزا و گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا، وەک پەرچەکردارێک لە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتەکەی لەسەر ئاسمانی گەرووی هورمز لە هەفتەی ڕابردوودا.

بەگوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئێران، یەکێکە لەو کەسانەی کە سزا نوێیەکانی ئەمریکا گرتوونیەتیەوە، هەروەها واشنتۆن ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە سزا بەسەر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیشدا دەسەپێنێت.

ع.م