سەردێڕ:

شارەوانیی سلێمانی: چیتر مەترسی لەسەر وشکبوونی باخچەکانی سلێمانی نەماوە

فۆتۆ: 
2019-06-24

2084 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئاودانی باخچە و بلواری شەقامەکانی سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە و کارەکان بە سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەت سپێردراون.

ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە دیجیتال میدیای ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، "ئاودانی باخچە و بلواری شەقامەکانی سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە. لە بەرواری ١٥ی ئەم مانگەوە ئاودانی ئەو باخچە و بلوارانە دراوە بە سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەت، بەوەش چیتر دار و چیمەنی باخچەکان مەترسیی وشکبوونیان  لەسەر نەماوە."

هاوکات هۆکاری دواکەوتنی ئاودانی باخچەکانی بۆ وەزارەتی شارەوانی و دارایی گەڕاندەوە، بەو پێیەی، "درەنگ وەڵامی نوسراوەکانی شارەوانیی سلێمانی داوەتەوە و پارەیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی خەرج نەکردووە."

بڕیارەکەی شارەوانیی سلێمانی دوای ئەوە هات، بەشێک لە چالاکانی ژینگەیی و هاوڵاتییان لە هەڵمەتێکیاندا بۆ رێگریکردن لە وشکبوونی باخچە و بلوارەکانی سلێمانییان راگەیاندبوو و ئاماژەیان بەوە کردبوو، بەشێک لە بەرپرسان لەجیاتیی گرنگیدان بە وشکنەبوونی باخچەکان لە وەرزی گەرمادا لە فەیسبووکەوە و لەبەردەم کامێرادا هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان لە حەوشە و ماڵەکانی خۆیانەوە دەستپێکردووە.

هاوکات شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبووکی خۆیەوە ڕەخنەی لەو هەنگاوەی بەرپرسان گرت، گوایا بۆ هاوکاریی ژینگە و زیادکردنی سەوزایی، یەک نەمام دەچێنن و لای خۆیەوە بڕیاریدا بڕی ١٠٠ تانکەر ئاو بۆ باخچەکانی سلێمانی دابینبکات.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، "گەر راست دەکەن فریای باخچەکانی سلێمانی بکەون و واز لە خۆدەرخستن و شتی بچووک و فریودان بهێنن."

هەروەها له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لەبارەی ئەو چالاکیی نەمام ناشتنەوە ڕووی دەمی لە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر کردووە و دەڵێت، "له‌ ماوه‌ی رابردوودا نه‌مامت ده‌چاند و ته‌حه‌دای خه‌ڵكی دیكه‌شت ده‌كرد بۆ هه‌مان كار، منیش لێره‌وه‌ ته‌حه‌دات ده‌كه‌م دوو چاڵی گه‌وره‌ لای كانی شه‌یتان ماوه‌ی ساڵێكه‌ ئۆتۆمبێل له‌ ده‌ستیان راده‌كات، تۆ ئه‌وه‌ چاك بكه‌ و منیش دێم له‌ حه‌وشه‌كه‌ی ئێوه‌دا ١٠ نه‌مام دەچێنم."

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژی رابردوو بەشێک لە چالاکانی ژینگەیی و هاوڵاتییان لە هەڵمەتێکیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو، باخچە و بلوارەکانی سلێمانی مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە و لەو وەرزی گەرمایەدا شارەوانی وەکو پێویست گرنگی بە ئاودانی باخچە و بلوارەکان نادات.

هـ.ع