سەردێڕ:

ترەمپ بۆ هەندێک وڵات: خۆتان نەوتهەڵگرەکانتان لە کەنداو بپارێزن

فۆتۆ: 
2019-06-24

7739 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر وڵاتانی دیکە خۆیان پارێزگاری لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بکەین کە بە بەندەری هورمزدا تێپەڕ دەبن.

لە توێتیکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە (٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩)ڕایگەیاند "بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتی وڵاتانی دیکە بپارێزێت، بێ هیچ بەرامبەر و قەرەبوویەک".

ترەمپە نوسویەتی  " چین ٩١%ی نەوتەکەی لە بەندەری هورمزەوە دەستدەکەوێت، ژاپۆن ٦٢%ی نەوتەکەی لە هەمان شوێنەوە، زۆرینەی دەوڵەتان بە هەمان شێوە".

پرسیاری ئەوەشی کردووە، ئیتر بۆچی ئەو ڕێگا ئاوییە بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە بپارێزین، بێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەک وەربگرین، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو وڵاتانە خۆیان کەشتییەکانی خۆیان بپارێزن کە هەمیشە لە مەترسیدان.

لە بەشێکی تری تویتەکەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو پێویست نییە، چونکە بە گوتەی خۆی وڵاتەکەی بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنی وزە لە جیهاندا.

ئەو لێدوانە نوێیانەی ترەمپ لەکاتێکدا، لە ماوەی ڕابردوودا دوو جار لە ناوچەی کەنداو هێرشکرایە سەر چەند نەوتهەڵگرێکی وڵاتانی عەرەبی و بیانی و بەهۆیەوە ئاڵۆزییەکی زۆر کەوتە نێوان تاران و واشنتۆنەوە، بە شێوەیەک ئەمریکا بڕیاریدا هێزی سەربازیی زیاتری خۆی رەوانەی ناوچەکە بکات، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە مەترسی و هەڕەشەکانی تاران.

ع.م