سەردێڕ:

زیاتر لە نیوەی ترۆمپاکانی ئاو لە سلێمانى لەکارکەوتوون

فۆتۆ: 
2019-06-24

1094 جار خوێندراوەتەوە

لە پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی لە کۆی ٥٦ ترۆمپای ئاو ٣٠ ترۆمپایان لەکارکەوتوون و تەنیا ٢٦یان کاردەکەن، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییش باسی لەوە کرد، ئەگەر بە زوویی ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، دابەشکردنی ئاوی سلێمانی ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە.

رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوە کرد، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو ترۆمپایانەی ئاوی سلێمانییش کە لە ئێستادا کاردەکەن، ئەگەر چاک نەکرێنەوە لەکاردەکەون.

ئاماژەی بەوەش کرد، پشتگوێخستنی کێشەکانی ئاو وایکردووە، ئاوی شارەکە ڕووبەڕووی گرفتی مەترسیدار ببێتەوە.

ساڵانە لە وەرزی ھاویندا کێشەی کەمئاوی یەخەی ھاوڵاتییانی سلێمانی دەگرێت و بەشێک لە پرۆژەکانی ئاو، بەتایبەتی ھێڵی دوکان سلێمانی یەک و دوو، بەھۆی کێشەی کارەبا یان لەکارکەوتنی ترۆمپاکانیانەوە، ناتوانن ئاوی پێویست بۆ بەشێکی گەڕەکەکان دابین بکەن.

لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین بڕی باران باری لەچاو ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، بەڵام بەھۆی کێشەی لەکارکەوتنی ترۆمپاکان و کێشە تەکنیکییەکانی دیکەوە، وەک پێویست ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش ناکرێت، لە ئێستاشدا سێ ڕۆژ جارێک ئاو بەسەر گەڕەکە جیاوازەکانی سلێمانیدا دابەشدەکرێت.

ئێن ئاڕ تی چووە بەنداوی دوکان بۆ بەدواداچوونی کێشەکە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، رێگەنەدرا دیمەنی ترۆمپاکان تۆماربکرێت، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییش ئامادەنەبوون لەسەر کێشەی ترۆمپاکان هیچ زانیارییەک بڵاوبکەنەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کە هەرێم لە قەیرانی دارییدابوو، ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری پێشووی سلێمانی ١٩ جار داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، پارە دابینبکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی سلێمانی، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە، دواتریش پارێزگار داوای لە ڕێکخراوی (یو ئێن دی پی) کردووە کێشەی هێڵی ئاوی سلێمانی – دوکان و ترۆمپاکان چارەسەربکەن، هاوکات داواشی لە ڕێکخراوی (جی ئای زێد) کردووە، کێشەی ئاوی بلوارەکانی سلێمانی چارەسەر بکەن، لەو ڕێگەیەشەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ کێشەی ئاوی سلێمانی و وشكبوونی باخچەکان چارەسەرکراوە.

هـ.ع