سەردێڕ:

هیچ لایەنێکی بەشداربوو سیڤی پێشکەش بە سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکومەت نەکردووە

فۆتۆ: 
2019-06-24

1767 جار خوێندراوەتەوە

کەمتر لە سێ ڕۆژ لەبەردەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا ماوە تا سیڤی کاندیدی حزبەکانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان ڕادەستی سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکومەت بکەن، بۆئەوەی پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێن.

ڕۆژی یەکی مانگی حەوت پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات و پارتییش جەختدەکاتەوە، کە دەبێت پێش وادەی دەستپێکردنی ئەو پشووە کابینەکەی مەسرور بارزانی لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت.

گرفتە گەورەکە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا لە نێوان پارتی و یەکێتیدایە، پارتی دەیەوێت یەکێتی بەبێ مەرج بەشداریی لە حکومەتدا بکات و یەکێتییش ئامادە نییە، تا پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی نەکرێتەوە بچێتە ئەو حکومەتەوە.

عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، حزبەکەی بەبێ یەکلاییکردنەوەی پرسی پارێزگاری کەرکوک ناچێتە حکومەتەوە، بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تییش، کە لە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دەستیکەوتووە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە لە هەولێر سێ نوێنەری یەکێتی لەگەڵ مەسرور بارزانیدا کۆبوونەتەوە و بە مەسرور بارزانییان وتووە، کە پێش پێکهێنانی کابینەی نوێ پرسی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکاتەوە، مەسرور بارزانییش لە وەڵامدا پێیوتوون، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ مەسعود بارزانی باوکیدا قسە دەکات و لە ئێستادا یەکێتی چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی بارزانییە.

لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبێتەوە، بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان و دواتر سیڤی کاندیدەکان ڕادەستی مەسرور بارزانی دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە کاندیدی وەزارەتەکان یەکلایی بوونەتەوە، بە جۆرێک وەزارەتی شەهیدان کە دراوە بە سۆسیالست دەدرێت بە عەبدوڵا حاجی مەحمود هەروەها وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە، بەڵام دەدرێت بە ئانۆ جەوهەر، کە لە لە پێکهاتەی مەسیحییە، بەڵام بەرپرسی ناوچەی پارتییە لە عەنکاوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە ئەم وەک ماف و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بدرێت بە پێکهاتەکان، بەڵکو ئەوەش بە قازانج و بەرژەوەندیی حزبیی یەکلایی کراوەتەوە بۆ پارتی.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانیش لە هەندێک لە ماڵپەر و پەیجەکانەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، تا ڕادەستکردنی یەکجارەکیی ناوی کاندیدەکان کابینەی نۆیەم و ناردنیان بۆ پەرلەمان و بە فەرمی ناساندنیان، هیچ کاندیدێک بە یەکلابووەوە هەژمار ناکرێت.

بەپێی زۆرێک لە ئاماژەکان بەهۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە پێدەچێت حکومەتی هەرێم بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێت و دوای ڕێککەوتنی نێوانیان وەزارەتەکانی یەکێتی پڕبکرێنەوە.

ع.م


‌بەپەلە