سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. فەرهاد پیرباڵ بە ئۆتۆمبێل کێشای بە بینای پەروەردەی هەولێردا

فۆتۆ: 
2019-06-24

33469 جار خوێندراوەتەوە

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، فەرهاد پیرباڵ بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بە بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەدەی هەولێردا، ئەوەش وەکو ناڕەزاییەک بەرامبەر بە شێوازی هەڵسوکەوتی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کچە یەکەمێکى نیقابدا لەکاتی خەڵاتکردنی.

فەرهاد پیرباڵ نووسەر و مامۆستای پێشووی زانکۆی سەڵاحەدین لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە لە پەروەردە خۆش نابێت، لەبەرئەوەی "ئەمجارە لەسەر زەینەبە کچی وەهابییە و جارێکی دیکە لەسەر کچی تۆیە و نیقابە."

لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، کە فەرهاد پیرباڵ بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەکێشێت بە پرسگەی بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەهۆیەشەوە بەشێک لە جامخانەی پرسگەکەی تێکشکاندووە.

هاوکات ئەمڕۆ لیژنەی ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، " بردنە دواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕیزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی شێوازی مامەڵەی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە لەکاتی مەراسیمی خەڵاتکردنی یەکەمەکاندا لەگەڵ کچە یەکەمێکى نیقابدا، کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت لەکاتی مەراسیمەکەدا کارمەندێکى وەزارەتی پەروەردە ئەو کچە، کە لەناو یەکەمەکاندایە و پەچەى بەسەرەوەیە، لە ریزى پێشەوە لادەبات و دەیباتە ڕیزی دوای دواوە.

هـ.ع