سەردێڕ:

ئەندامێکى ئەنجومەن: شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانى گۆڕاوە بۆ جووت سایدێک

فۆتۆ: 
2019-06-24

3011 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کارزان تارق سڵیمانی

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاشکرایکرد، شەقامی ١٠٠ مەتری گۆڕاوە بۆ جووت سایدی تاسڵوجە - عەربەت.

ڕێکەوت زەکى بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، تا ئـێستا یەک دینار نەخراوەتە خزمەتی دەستپێکردنی پرۆژەکەوە، نە ٩٠ ملیارەکەی سەرەتا و نە ٥٠ ملیارەکەی دواتریش، کە تەنیا ژمارەی سەر کاغەزن.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژەى شەقامی ١٠٠ مەتری یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی شاری سلێمانی کە خزمەتی گەورە بە ژێرخان و کەرتی گواستنەوە و ئـاوەدانیی ئـەم شارە دەکات، "بەڵام مخابن خەونی شەقامی بازنەیی ١٠٠ مەتری وا کورت دەکرێتەوە بۆ جووت سایدێکی ڕووتی بێ خزمەتگوزاری لە نێوان تاسڵوجە - عەربەتدا."

وتیشى، ئەوەى بەنیازە هەنگاوى بۆ بنرێت بە ناوی شەقامێکی بازنەیی ١٠٠ مەتری تەنها بەشێکە لە سێ بەش، چونکە دوو بەشەکەى تری پرۆژەی نیشتەجێ و گەشتیاریی مۆڵەتداریی دیکەی لەسەر دروستکراوە.

وتیشى، تا ئـێستا برادەران ھەر سەرقاڵی ئـەوەن پرۆژەکە لە نێوان پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی دەھێنن و دەبەن، کە ئـایا پرۆژەکە سەربە کامیان بێت.

ئاماژەى بەوەش کرد، ئـەو لەتە بازنەیەشی کە لە شەقامەکە دروستدەکرێت، ھەندێک بڕگەی لێ لادەدرێت و دەسەڵاتی ئـیداری و مالیش لەم بابەتەدا لای ئـەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاریش نییە.

ب.ب