سەردێڕ:

پێچەوانەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی پەروەردە، یەکەمەکان لە ریزی پێشەوە نین

ئێن ئاڕ تی ئاشکرای دەکات
فۆتۆ: 
2019-06-24

36193 جار خوێندراوەتەوە

پێچەوانەی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتى پەروەردەى هەرێم کە ئاماژەی بەوەکردبوو "بردنەدواوەى قوتابییەک لەکاتى راگەیاندنى ئەنجامەکان هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە و بەپێی ریزبەند بووە" بەڵام وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت یەکەمەکان لە ریزی پێشەوە نین.

لە ڕوونکردنەوەکەی پەروەردەدا هاتووە، "بردنە دواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕیزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم."

بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی دەرکەوتووە لە وەستانی خوێندکارەکاندا ڕێزبەندی یەکەم و دووەم و سێیەم ڕەچاو نەکراوە، بۆ نمونە ئەو سێ خوێندکارەى لە پۆلەکانى ١٢ی وێژەیی و زانستی و پۆلی ٩ی بنەڕەتی پلەى یەکەمیان بەدەستهێناوە لە ریزی پێشەونین و لە ریزی سێیەمدان ھاوکات، ھاوشێوەی کچە باڵاپۆشەکە، خوێندکار ھەیە پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی ھەرێم بەدەستھێناوە و لە ڕیزی یەکەمدایە.

وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، ھەردوو خوێندکار مەنسور قادر موحسین و سەھەند سەرکەوت یەکەمی بەشی زانستی و وێژەی دوانزەی ئامادەین و پلەی یەکامیان لە ئاستی ھەرێم بەدەستھێناوە، بەڵام نایانھێننە پێشەوە و لە ڕیزی سێیەمدا دەمێننەوە.

هاوکات، وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، خوێندکار دالیا ھاشم کە پلەی سێیەمی ھێناوە بەڵام ھێنراوەتە پێشەوە بۆ ڕیزی یەکەم

بۆیە دەبوو ئەو کچە نیقاب پۆشە لەشوێنەکەی خۆیدا بوایە و نەبرایەتە لای یەکەمەکان بۆ ڕیزی دواوە.