سەردێڕ:

وەزارەتى پەروەردە: بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە

فۆتۆ: 
2019-06-24

21313 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم  رایگەیاند، خرانە دواوەى قوتابییەک لەکاتى راگەیاندنى ئەنجامەکان هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە.

لیژنەکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "بردنە دواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕیزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێمە لە وەزارەتى پەروەردە لە ئەمڕۆوە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر هەر ناوزڕان و تەشهیرێک دەگرینەبەر و سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین."

روونيشيكردووەتەوە، "ئەم پروپاگەندانە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى ئەو سەرکەوتنەى پڕۆسەى ئەزموونەکانى ئەمساڵ کە ئاستى دەرچوون بە بەراوردى ساڵى ڕابردوو، دوو بەرامبەرە."

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوى رابردوو شێوازی مامەڵەی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە لەکاتی مەراسیمی خەڵاتکردنی یەکەمەکاندا لەگەڵ کچە یەکەمێکى نیقابدا کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت لەکاتی مەراسیمەکەدا کارمەندێکى وەزارەتی پەروەردە ئەو کچە یەکەمە کە پەچەى بەسەرەوەیە لە رێزى پێشەوە لادەبات و دەیباتە  ڕێزی دوای دواوە.