سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پۆستە بەتاڵەکانی حکومەت پڕدەکاتەوە

چەند پڕۆژەیاساییەکی تر  دەنگی لەسەر دەدرێت
فۆتۆ: 
2019-06-24

741 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، بەغداد، ئومێد محەمەد

خشتەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ئاشکرابوو، بڕیارە کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پڕبکرێتەوە و متمانە بدرێت بە کاندیدی پۆستە بەتاڵەکان.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ناوی هەریەکە لە نەجاح شممەری بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری و یاساین تاهیر بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و سەفانە حەمدانی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە و فاروق ئەمین بۆ پۆستی وەزارەتی داد گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی ئەمڕۆ متمانەیان پێ بدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پەرلەمانی عێراق کە یەکشەممە (٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە یەکەم بڕگەدا دەنگدەدرێت لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.

لە بڕگەی دووەمدا دەنگ دەدرێت لەسەر پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی کارمەندانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بۆ خزمەت.

وەک لە بڕگەی سێی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ دەدات لەسەر هەمواری یەکەمی پڕۆژە یاسای حجز و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی گوێزراوە و نەگوێزراوەی سەرانی ڕژێمی پێشووی ژمارەی (٧٢)ی ساڵی ٢٠١٧.

هەروەها بڕگەیەکی دیکەی دانیشتنەکەی پەرلەمان تەرخاندەکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و داد و پەروەردەی پڕنەکردووەتەوە.