سەردێڕ:

ڕێگرییەکانی بەردەم تەواوکردنی کابینەکەى عادل عەبدولمەهدی ​

فۆتۆ: 
2019-06-22

1435 جار خوێندراوەتەوە

تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، خەریکە هاوشێوەی چیرۆکی هەزار و یەک شەوە درێژە دەکێشێت.

ھاوپەیمانیی بونیاد و ھاوپەیمانیی ئیسڵاح ئەو دوو جەمسەرەی نێو ماڵی شیعەن کە ھیچیان ئامادەنین سازش بۆ ئەوەی دیکەیان بکەن و، ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتەکە تەواوببێت.

ھاوپەیمانیی بونیاد، کە بەدر سەرۆکایەتیی دەکات، دەڵین، وەزیر داشنەنریت لای ئەوان باشترە لەوەی کەسێک ببێت بە وەزیر کە شایەنی نەبێت، لە بەرامبەریشدا ھاوپەیمانیی چاکسازیی کە سائیرون سەرۆکایەتیی دەکات، ھەڕەشەی جوڵاندنی شەقام دەکات.

ھەرچی سەبارەت بە وەزارەتی دادە، کە پشکی کوردە، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ڕێکنەکەوتوون، بەڵام وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی ئۆباڵی دواکەوتنی تەواوکردنی کابینەکە دەخاتە ئەستۆی شیعەکان نەک کورد.

نزیکەی ٨ مانگە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی دەستبەکاربووە، بەڵام وەزیری وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە، لە نێوان شیعە و سوننە و کورد دا یەکلایی نەبوونەتەوە و، تاکە بیانووش بۆ خراپیی ئەم کابینەیە ئەوەیە کە لایەنەکان ڕیکناکەون و بەم رێکنەکەوتنەش بەربەست بۆ کارەکانی حکومەت دروستبووە.