سەردێڕ:

پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنى کابینەکەى عەبدولمەهدى کۆدەبێتەوە

چەند تەوەرێکى دیکەش گفتوگۆى لەسەر دەکرێت
فۆتۆ: 
2019-06-22

1326 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ شەممە پەرلەمانى عێراق کۆدەبێـتەوە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەش تایبەت دەبێت بە تەواوکردنى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى.

بەپێى کارنامەی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر ١١ى پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، جگە لە دەنگدان لەسەر تەواوکردنى کابینەى حکومەت گفتوگۆ لەبارەى چەند تەوەرێکى دیکەشەوە دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زارى سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بڵاویکردەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق فەریقی یەکەم عوسمان غانمى، کاندیدی عادل عەبدولمەهدییە بۆ وەزیری بەرگری.

هاوکات ئاماژەى بەوەشکرد، "فەریق مۆفەق جەنابی کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ کاروباری پۆلیس، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ وەزیری ناوخۆ."

پێشتریش موقتەدا سەدرلە پەیامێکیدا داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق کرد دەسەڵاتى تەواو بدەن بە عادل عەبدولمەهدى تا لەماوەى ١٠ ڕۆژدا کابینەى حکومەتەکەى تەواو بکات.

هاوکات داواشى لە عادل عەبدولمەهدى کرد، بەرژەوەندى گشتى لەبەرچاوبگرێت و کەسانى پسپۆڕ و دەستپاک و لێهاتوو هەڵبژێرێت دەنا پشتیوانى لێناکەن.

نزیکەى هەشت مانگ بەر لەئێستا پەرلەمانی عێراق متمانەی بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەخشی، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەكانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە، بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە یەكلانەكراونەتەوە.

ئ.ر