سەردێڕ:

سوپای ئەمریکا کارمەندەکانی بنکەیەکی سەربازیی لە عێراق کەمدەکاتەوە

هەفتەی ڕابردوو هێرشی کرابووە سەر
بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-22

1367 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق ئاشکرایانکرد، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ گواستنەوەی سەدان فەرمانبەری گرێبەست، کە لەناو هێزەکانی لە بنکەی ئاسمانی بەلەدی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین کاردەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەوسەرچاوە سەربازییانەی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی سوپای ئەمریکا بە نیازە لەو بنکە ئاسمانییە بیانگوێزێتەوە، فەرمانبەری کۆمپانیاکانی لۆکهێد مارتن و سالیبورت گڵۆباڵن، کە نزیکەی ٤٠٠ کەس دەبن و لە خۆئامادەکرندان بۆ جێهێشتی ئەو بنکە سەربازییە، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت.

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، کە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی بەر پرس لە ئۆپراسیۆنە ڕۆژانەکانی ئەو بنکە سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا لێپرسراوانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، بەم نزیکانە دەستدەکەن بە گواستنەوەی نیوەی فەرمانبەر و کارمەندی بنکە سەربازییەکە، کە ژمارەیان ٨٠٠ کەس دەبێت.

سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی گواستنەوەی کارمەندەکانی بنکەی سەربازیی بەلەد ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت و بە دوو قۆناغ و لەڕێگەی فڕۆکەوە دەبێت.

سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق ئاماژەیان بە هیچ هۆکارێک نەکرد بۆ گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانە، کە ئایا پەیوەندیی هەیە بە هەڕەشە و مەترسی ئەمنییەوە یاخود نا.

بنکەی ئاسمانی بەلەد هەفتەی ڕابردوو بە سێ گولـلە هاوەن هێرشی کرایە سەر، بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاند.

بنکەی ئاسمانیی بەلەد بە گەورەترین بنکەی ئاسمانیی دادەنرێت لە عێراق و لە ناوەڕاستی ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە.

 

لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بنکەی ئاسمانیی بەلەد لەلایەن سوپایی ئەمریکاوە بە سەختی بۆردومانکراوە، دوای ئۆپراسیۆنی داگیرکردنەکەش، ئەو بنکە ئاسمانییە  لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بە بودجەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاری چاککردنەوەی تیا کراو بەشێوەیەکی فراوان بەکارهێنرا، کە بە بنکەی سەرەکی گواستنەوە و کۆمەکی هێزەکانی ئەمریکا دادەنرا لە عێراقدا.

 

پاش ماوەیەکی تر هێزەکانی ئەمریکا نەخۆشخانەیەکی مەیدانییان تێدا دامەزراند بۆ چارەسەرکردن و هێشتنەوەی بریندارانی سوپای ئەمریکا.

 

بنکەی ئاسمانی بەلەد لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەریگرایەوە، بووە بنکەی سەرەکی بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ١٦ی ئەمریکی کە لە بەغدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کڕیووە.

 

 ع.م

 

‌بەپەلە