سەردێڕ:

بەهۆى بڕیارێکى حکومەتى عێراقەوە هێلکە لە بازاڕەکانى هەرێمدا نەماوە

فۆتۆ: 
2019-06-21

7966 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى بڕیارێکى حکومەتى عێراقەوە، هێلکە لە بازاڕەکانى هەرێم کوردستاندا نەماوە کە خواستێکى زۆرى لەسەرە لەلایەن هاوڵاتییانەوە.

عەبدوڵا سەعید، نرخ لە سەر خواردنە سپیاییەکان دەنوسێت، هەفتەیەکە دوکانەکەى هێلکەى تێدا نەماوە، رۆژانەش بە دەیان کەس داواى هێلکەى لێدەکەن.

بەپێى بڕیارێکى حکومەتى عێراق ماوەى مانگێکە هاوردەکردنى هێلکە لە تورکیا و ئۆکرانیاوە قەدەغەکراوە، ئەوەش بە ئامانجى ساغبوونەوەى بەرهەمى ناوخۆ.

 کاریگەرییەکانى بڕیارەکەش ماوەى هەفتەیەکە بە تەواوەتى لەسەر بازاڕەکانى هەرێم دەرکەوتووە و هاوڵاتییان هێلکەیان دەستناکەوێت.

ساڵانە نزیکەی ٨٠ تا ٩٠ هەزار تۆن هێلکە هاوردەی عێراق دەکرێت، لە هەرێمی کوردستان ١٠ پڕۆژەى بەرهەمهێنانى هێلکە هەیە و نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن هێلکە بەرهەم دەهێنن و بۆ پێویستی ناوخۆش ٨٥٠ ملیۆن هێلکە هەیە لە ساڵێکدا، بەڵام ٩٥%ى ئەو هێلکەیەى لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت رەوانەى شارەکانى عێراق دەکرێت، لەبەرئەوەى رەنگى قاوەییە لاى هاوڵاتیانى هەرێم خواستى لەسەر نیە.

سۆران غەفور بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە ئەو هێلکەیەى لە هەرێمى کوردستان دەردەچێت بدرێتە شارەکانى دیکەى هەرێمیش بۆئەوەى نرخەکەى بەرز نەبێتەوە.

هێلکە یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانى ژەمى بەیانیان، خواستى خەڵکى هەرێمى کوردستانیش زیاتر لەسەر هێلکەى سپیە، پێدەچێت ئەم خواستەش گۆڕانى بەسەردا بێت و خەڵک ناچاربن روو لە هێلکەى ڕەنگ قاوەیى بکەن کە لە کێڵگەکان زیاتر لە بەشى پێداویستى ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت.