سەردێڕ:

عەبدولستار مەجید: پارتی داوای لێکردین بەشداریی حکومەت بکەین بەڵام ئامادە نەبووین

فۆتۆ: 
2019-06-20

3430 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، پارتی داوای لێکردوون کە بەشداریی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکەن، بەڵام ئەوان شێوازی داواکارییەکەیان بەدڵ نەبووە.

عەبدولستار مەجید، لە بەرنامەی تاوتوێی ئین ئارتیدا ئاماژەی بەوەکرد، فازل میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى پەیوەندی پێوەکردووە، کە بەیەکەوە لیژنە دروستبکەن بۆ پێکهێنانى حکومەت، بەڵام پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پارتى دەیەوێت کۆمەڵ بەشداری بکات ئەوا با بە فەرمى سەردانى مەکتەبی سیاسییان بکەن و داوا بکەن کە بەشدارى لە حکومەت بکەن، نەک بەو شێوەیە داوایان لێبکرێت.

 وتیشی، ئەگەر کۆمەڵ هێندەی تامەزرۆی بەشداریکردن بوایە لە حکومەتی هەرێم، ئەوا دەچوون و لیژنەیان دروستدەکرد بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا.

ئەو ئەندامەى مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ ئەوەشی ئاشکراکرد، تەکلیف لە عەلی باپیر کرا بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بکات، بەڵام بەشداری نەکرد.

ئ.ر