سەردێڕ:

​ئەمریکا وردەکاری خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لەلایەن ئێرانەوە ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2019-06-20

14844 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران فرۆکەکەی لە کاتێکدا خستووەتەخوارەوە کە لە بەرزییەکی زۆردا فڕیوە لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

جۆزیف جواستیلا فەرماندەی چەکی ئاسمانی سوپای ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، کاتێک فڕۆکەکە خراوەتەخوارەوە ٣٤ کیلۆمەتر دووربووە لە نزیکترین خاڵی وشکانی ئێران و نەچووەتە ناو سنورەکانی ئاوی ئێرانەوە.

ئەوەشی وتووە، "ئەم هێرشەکەى ئێران کارێکى زۆر مەترسیداربووە و لە ناوچەى ئازادی نێودەوڵەتی ئەنجامیداوە و مەترسی لەسەر کەشتیوانی مەدەنی نێودەوڵەتی دروستکردووە".

بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئێران فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانی ئەمریکای خستەخوارەوە و دواتریش لەبەرامبەر پڕسیاری ئەوەی کە ئایا ئەمریکا هەڵوێستى دەبێت و هێرشدەکاتە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، "بەم نزیکانە دەزانن".

هەر ئەمڕۆش وەکو ئاماژەیەک بۆ رووداوی خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی گەورەی کردووە.

تویتەکەی ترەمپ لە دوای ئەوە هات ، سارا ساندەرس سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکى سپی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ لە خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراوەتەوە.

ئەمڕۆ ئاژانسى ئێرناى فەرمى حکومەتى ئێران ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەیەکى بێفرۆکەوانى ئەمریکى لە هەرێمى هورمزگان لە باشورى وڵاتەکەى خستەخوارەوە و ئەمریکاش ڕەتیکردەوە.

ڕاشیگەیاندبوو، فرۆکەکە بۆ چاودێریکردن  و کارى سیخوڕیکردن لە نزیک ناوچەى "کوە موبارەک" بەسەر ئاسمانى وڵاتەکەى لە خوارووى وڵات سوڕاوەتەوە.

فڕۆکەکە لە جۆرى " ئارکیۆ 4 گلۆبال هۆک " بووە و ئامانجى کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگری بووە لەسەر ئێران.