سەردێڕ:

​ترەمپ: بەم نزیکانە دەزانن کە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران یان نا

ئێران فڕۆکەیەکی ئەمریکی خستەخوارەوە
فۆتۆ: 
2019-06-20

8122 جار خوێندراوەتەوە

دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە دەزانن کە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران یان نا.

سەرۆکی ئەمریکا ڕایشیگەیاند، فڕۆکە بێفرۆکەوانەکەی ئەمریکا سەربازی نەبووە و سنووری کەنداوی تێنەپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوشکرد، "ئەوەی بڕیاری خستنەخوارەوەی فرۆکەکەی داوە گەمژە بووە"

لەبەرامبەر پڕسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، "بەم نزیکانە دەزانن".

هەر ئەمڕۆش وەکو ئاماژەیەک بۆ رووداوی خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی گەورەی کردووە.

تویتەکەی ترەمپ لە دوای ئەوە هات ، سارا ساندەرس سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکى سپی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ لە خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراوەتەوە.

ئەمڕۆ ئاژانسى ئێرناى فەرمى حکومەتى ئێران ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەیەکى بێفرۆکەوانى ئەمریکى لە هەرێمى هورمزگان لە باشورى وڵاتەکەى خستەخوارەوە و ئەمریکاش ڕەتیکردەوە.

ڕاشیگەیاندبوو، فرۆکەکە بۆ چاودێریکردن  و کارى سیخوڕیکردن لە نزیک ناوچەى "کوە موبارەک" بەسەر ئاسمانى وڵاتەکەى لە خوارووى وڵات سوڕاوەتەوە.

فڕۆکەکە لە جۆرى " ئارکیۆ 4 گلۆبال هۆک " بووە و ئامانجى کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگری بووە لەسەر ئێران.

لەبەرانبەردا بێل ئۆربان وتەبێژى فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا بۆ ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند، هیچ فرۆکەیەکى ئەمریکى بە ئاسمانى ئێراندا نەسوڕاوەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە گرژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران تا دێت زیاتر دەبن و هەفتەى ڕابردووش وەزارەتى بەرگى ئەمریکا پنتاگۆن ناردنى زیاتر لە هەزار سەربازى دیکە بۆ ئاوەکانى کەنداو ڕاگەیاند.