سەردێڕ:

ئەوقافى زاخۆ بۆ هاوڵاتییان: ئەگەر پێوەرى ئاو دانەنێن سزادەدرێن

فۆتۆ: 
2019-06-20

1321 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى ئەوقافى زاخۆ لە ڕێگەى وتارى هەینیەوە هاوڵاتیانى ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر پێوەرى ئاو لە ماڵەکانیان دانەنێن غەرامە دەکرێن.

بەپێی نوسراوێک کە واژۆى سەعید عەبدولڕەحمان حەمید بەڕێوەبەرى ئەوقاف و کاروباری ئایینى زاخۆى لەسەرە ئاماژە بەوەکراوە،"لە پێناو هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لەسەر بەستنى پێوەرى ئاو لە هەر ماڵ و شوێنێکدا لە کاتى سەردانیکردنى کۆمپانیای جێبەجێکارى پێوەرەکە، هاوڵاتییان پابەند نەبن سزادەدرێن."

ڕاشیگەیاندووە، هەر ماڵێک پێوەرى ئاو دانەنێت لە ڕۆژى ١ى تەموزى ٢٠١٩ەوە مانگانە بە بڕێک پارەى زۆر سزادەدرێت.

هاوکات داواشی لە وتارخوێنى مزگەوتەکان کردووە کە وتارى هەینی سبەینێدا باسی ئەو بابەتە بکەن و هاوڵاتییان ئاگاداربکەنەوە.

لەبارەى ئەو ئاگادارکردنەوەیە، ئێن ئاڕ تى پەیوەندى بە سەعید عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەرى ئەوقافى زاخۆ کرد و ناوبراو ڕایگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاوى زاخۆوە دەرچووە و ئەوانیش ڕاسپێردراون کە ئەو ئاگادارییەیە لەڕێگاى وتارخوێنى مزگەوتەکانى سنورى زاخۆوە بڵاوبکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەپارێزگاى دهۆک لە ڕێکەوتى ٧ى کانونى دووەمى ئەمساڵەوە پێوەرى ئاو دانراوە، کە پێشتر کرێی ئاوى هەندێک ماڵ گەیشتبووە ٤٠٠ تا ٥٠٠ هەزار دینار و ٨٦ ملیۆن دیناریش کرێی ئاو بۆ ماڵێک هاتبووەوە، ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتەوە.

ئ.ر