سەردێڕ:

ترەمپ: ئێران هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد

ئێران فڕۆکەیەکی ئەمریکی خستەخوارەوە
فۆتۆ: 
2019-06-20

8608 جار خوێندراوەتەوە

 وەکو ئاماژەیەک بۆ رووداوی خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی گەورەی کردووە.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکى ئەمریکا  دوای ئەوەى  هەواڵی خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکی ئەمریکایان لەلایەن ئێرانەوە پێدا، لە تویتەری خۆی ڕایگەیاند،" ئێران هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە".

تویتەکەی ترەمپ لە دوای ئەوە هات ، سارا ساندەرس سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکى سپی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ لە خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراوەتەوە.

ئەمڕۆ ئاژانسى ئێرناى فەرمى حکومەتى ئێران ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەیەکى بێفرۆکەوانى ئەمریکى لە هەرێمى هورمزگان لە باشورى وڵاتەکەى خستەخوارەوە و ئەمریکاش ڕەتیکردەوە.

ڕاشیگەیاندبوو، فرۆکەکە بۆ چاودێریکردن  و کارى سیخوڕیکردن لە نزیک ناوچەى "کوە موبارەک" بەسەر ئاسمانى وڵاتەکەى لە خوارووى وڵات سوڕاوەتەوە.

فڕۆکەکە لە جۆرى " ئارکیۆ 4 گلۆبال هۆک " بووە و ئامانجى کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگری بووە لەسەر ئێران.

لەبەرانبەردا بێل ئۆربان وتەبێژى فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا بۆ ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند، هیچ فرۆکەیەکى ئەمریکى بە ئاسمانى ئێراندا نەسوڕاوەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە گرژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران تا دێت زیاتر دەبن و هەفتەى ڕابردووش وەزارەتى بەرگى ئەمریکا پنتاگۆن ناردنى زیاتر لە هەزار سەربازى دیکە بۆ ئاوەکانى کەنداو ڕاگەیاند.