سەردێڕ:

​​بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی نامەیەکی بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد

فۆتۆ: 
2019-06-20

2905 جار خوێندراوەتەوە

بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی نامەیەکی بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد و داوای لێدەکات بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە، کارئاسانی بۆ بکات بۆ بردنی منداڵەکانی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.

کامل عەبدولقادر ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیایی لە نامەکەیدا نوسیویەتی  "زیاتر لەساڵ و نیوێکە بەمەبەستی چارەسەرکردنم بۆ جاری دووهەم ڕووم لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، لەبەر ئەوەی لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ( وێڕای شەهیدبوونی باوکو دایک و براو خوشکەکان) م بەهۆی گازی خەردەلەوە سیەکانیشم لەکار کەوتوون و پاش نزیکەی 32 ساڵ ‌ئازارو ژان و ململانێ لەگەڵ مەرگدا لە ئێستادا دەبێت بەزوویی نەشتەرگەری چاندنی سیەکانم بۆ ئەنجام بدرێت".

ئەوەشی تێدا هاتووە "پزیشکەکانی ئەڵمان ڕازی بوون کە نەشتەرگەریەکەم بۆ ئەنجام بدەن بەو مەرجەی ئەو داوایانەی ئەوان دەیکەن لێم جێ بەجێیان بکەم ."

ناوبراو  نوسیویشیەتی  "هەندێک لەو داوکارایانە تەنها بەخۆم جێبەجێ ناکرێت و پێویستم بە هیممەتی جەنابتان و پاشان منداڵەکانمە تا هاوکارم بن و لە نزیکەوە خزمەتم بکەن و چاندنی سیەکان نەشتەرگەریەکی زۆر ئاڵۆز و هەستیارە و پێویستی بە مامەڵە کردنی ورد و دروست هەیە لەگەڵیدا و تا دووساڵ پاش نەشتەرگەریەکەش دەبێت لەژێر چاودێری ورددابم".

"من لە ئێستادا لە کەمپێکدا دەژیم کە زۆر نەگونجاوە بۆ من و پزیشکەکان دەڵێن دەبێت لەو کەمپە نەمێنیت و لە شوێنێکی تایبەتدا بژیت کە زۆر پاک و خاوێن بێ و قەرەباڵغ نەبێت".

لە نامەکەدا هاتووە "داوا لەبەڕێزتان دەکەم کە خەمی زیاترم بخۆن و بایەخی زیاتر بە تەندروستیم بدەن و کارئاسانی بکەن بۆ منداڵەکانم تا بێن بۆ ئەڵمانیا و لە نزیکەوە خزمەتم بکەن و چاودێریم بکەن".

ڕاشیگەیاندووە، "ساڵی ٢٠١٦ بەسوپاسەوە جەنابتان هیممەتتان کرد و منتان ناردە ئەڵمان بۆ چارەسەر ئەو کات لە ڕووی جەستەییەوە پزیشکەکان ئامادەنەبوون نەشتەرگەری چاندنی سیەکانم بۆ ئەنجام بدەن بەڵام لە ئێستا ‌دەڵێن پێویستە زۆر بەزوویی ئەو نەشتەرگەریەت بۆ ئەنجام بدەین لەبەر ئەوەی تۆ ڕۆژگارەکانی کۆتایی ژیانت بەڕێ دەکەیت و ژیانت لە ئەوپەڕی مەترسیدایە و جگە لە چاندنی سییەکان هیچ شتێکی تر دادت نادات، داوا دەکەم کە هەموو ئاسانکاریەکم بۆ ئەنجام بدەن تا پشتیوان بەخوا و پاشان دڵسۆزی و ئەمەکداری جەنابتان ژیانم لە مەرگ ڕزگار بکرێت".

لە کۆتاییدا نوسیویەتی "بەهاناهاتنەوەتان بۆ من گەواهی ڕاستگۆییتانە لەگەڵ دروشمەکانتان سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی" .