سەردێڕ:

تابلۆى ئۆتۆمبێلی ژماره ‌یه‌كی هەڵەبجە بە یه‌ك ملیار دینار دەفرۆشرێت

فۆتۆ: 
2019-06-20

25567 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە فرۆشتنی ژماره‌تایبه‌ته‌كانی تابلۆی ئۆتۆمبێل به‌ناوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وە و بڕی یه‌ك ملیار دیناریش دیاریكراوه‌ بۆ فرۆشتنی تابلۆى ژماره‌ یه‌ك.

هه‌ر له ‌بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه،‌‌ ته‌واوی داهاتی فرۆشتنی تابلۆكان بۆ پارێزگاكه‌ خه‌رج ده‌كرێت، به ‌جۆرێك سەدا ٨٠ی بۆ پڕۆژه‌كان ده‌بێت و سەدا ٢٠یشی بۆ په‌ره‌پێدانی بواری هاتوچۆی شاره‌كه‌ ده‌بێت.

نوسراوه‌كه‌ی حکومەتی هەرێم، كه لە ١٢ی ئه‌م مانگه ‌ده‌رچووه‌ و له ‌ئێستادا گە‌یشتووەته ‌ده‌ست ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، تێیدا هاتووه: ‌بۆ له‌مه‌ودوا شۆفێران ده‌توانن تابلۆی ئۆتۆمبیله‌كانیان و مۆڵه‌تی شۆفێریشیان به‌ناوی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بێت،‌ هەروەها هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێم، ده‌توانن هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

كاوه‌ عەلی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، ‌بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند: ژماره‌یه‌ك سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێن ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ كڕینی ژماره ‌تایبه‌ته‌كانی تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كان و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ داهاتێكی باش بۆ شاره‌كه ‌كۆبكه‌نه‌وه‌.