سەردێڕ:

بەشێک لە خوێنکارانی پۆلی ١٢: داواکارین پێداچونەوە بە هەڵەی پرسیارەکاندا بکرێت

لەبەردەم پەروەردەی شارەکانیان گردبوونەوە
فۆتۆ: 
2019-06-20

2849 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەی بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بوونی هەڵە لە پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان و چەند بڕیارێکی دیکەی وەزارەتی پەروەردە لە سلێمانی و هەولێر و گەرمیان گردبوونەوە.

یەکێک لە بەشداربوانی گردبوونەوەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داواکارن پێداچوونەوە بە هەڵەی پرسیارەکان لە وانەکانی بیرکاری و ئینگلیزی و عەرەبی بکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، هەڵەی تایپ و ڕێزمان لە تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانیاندا هەبووە و لە هەندێک تاقیکردنەوەکاندا پرسیاری دەرەکییان بۆ هاتووەتەوە.

باسی لەوەشکرد، "داواکارین جیاوازی نێوان خولی یەکەم لەگەڵ خولی دووەم لە سێ نمرەوە بکرێت بە دوو نمرە، لەسەر ئەو بابەتە قسەمان لەگەڵ مامۆستاکانمان کردووە و ئەوانیش هاوڕان لەگەڵ ئێمە".

ئەوەشی خستەڕوو، داواکارن بۆ تاقیکردنەوەی خولی دووەم لیژنەیەکی پسپۆڕ سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان بکات بۆ ئەوەی هەڵەکانی خولی یەکەم دووبارە نەبێتەوە

هاوکات کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایەگەیاند، پشتگیری داواکاری خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەکەن و لە پەرلەمان داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن، باسی لەوەشکرد بەشێک لە مامۆستاکانیش وتوویانە هەڵە لە پرسیارەکانی پۆلی ١٢ هەبووە، ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی پەروەردە توانایەکی باشی لەبەردەستدایە و پیویستە رێگا نەدات هەڵەکان دووبارە ببنەوە.

ڕۆژی ٢٦ى مانگى ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستاندا بە بەشدارى  ١١٥ ھەزار ٩٤٩ خوێندکاری قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکان لە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی دەستیپێکرد و ڕۆژی ١٦ ی ئەم مانگەش کۆتایی هات.

هـ.ع





‌بەپەلە