سەردێڕ:

هواوی: هەرکەسێک مۆبایلەکانمان بکڕێت و کێشەی ئەپلیکەیشنی هەبێت تەواوی پارەکەی بۆ دەگەرێنینەوە

فۆتۆ: 
2019-06-19

3633 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی کۆمپانیای هواوی چینی ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار زیانی کردووە، ئێستا ئاشکرایکردووە، جۆرێک لە پرۆگرامی تایبەتی دڵنیایی هەیە، کە دەکرێت هەندێک متمانە بۆ بەرهەمەکانی بگێڕێتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە ئەو پرۆگرامی دڵنیایی تایبەت لە هواویەوە، بۆ کڕیارانی بەرهەمەکانی بە قەرەبووکردنی تەواوی نرخی مۆبایلەکانی دەبێت، ئەگەر هاتوو وەشاندنەکانی کە خاوەنی بەکارهێنەرێکی زۆرن، وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئاپ و یوتیوب و جیمەیڵ لەکارکەوتن لە مۆبایلەکانی هواویدا لە ماوەی دوو ساڵ لە بەرواری کڕینیانەوە.

هەرچەندە ئەو پرۆگرامی دڵنیاییە تەنها لە وڵاتی فلیپین بەردەستە لە ئێستادا، بەڵام ئەوەش ئاماژەیەکە کە ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی چین کە لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو دۆخەیە کە بەسەریدا هاتووە، بەتایبەت دابەزینی ئاستی خواست لەسەر کڕینی مۆبایلەکانی و پاشەکشەی متمانەی کڕیارەکان، ئەویش بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بەریکەوتووە.

میدیاکانی ناوخۆی فیلیپین لەوبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، کۆگاکانی هواوی و دابەشکارانی بەرهەمەکانی دەستیانکردووە بە پێشکەشکردنی دڵنیایی مۆبایلەکانی هواوی، کە تا مانگی ئابی داهاتوو دەکڕدرێن.

چاودێرانی ڕەوشی ئابوریی تەکنەلۆژیا پێیانوایە، بەڵێنێکی لەو جۆرە مەترسیی زۆر لەخۆدەگرێت، بەتایبەت ئەگەر هاتوو هواوی نەیتوانی چارەسەری کێشەکە بکات لەگەڵ واشنتۆن، یان دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی باش بەرلەوەی ماوەی ئەو دوو ساڵە کۆتایی بێت، بە شێوەیەک ئایا کۆمپانیای هواوی دەتوانێک بچێتە ژێر باری زیانێکی گەورەوە، ئەگەر هاتوو قەرەبووی ملیۆنان ئامێری گەڕاوەی کردەوە بەگوێرەی ئەو پرۆگرامەی کە ئاشکرایکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای هواوی بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆمپانیاکەدا، توانی بڕی قازانجەکانی بگەیەنێتە ١٠٠ ملیار دۆلار، بەڵام چاودێرانی رەوشی ئابوری پێیانوابوو ئەو تەشەنەکردنە زەبەلاحەی قازانجەکانی هواوی بەردەوام نابێت، چونکە لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆکانی واشنتۆنەوە ڕێگریکراوە لە هەموو کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیی ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هواوی بکەن.

بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە کۆمپانیای گوگڵ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هواوی پچڕاند، کاتێک ئەمریکا کۆمپانیای ناوبراوی خستە لیستی رەشی بازرگانیی خۆیەوە.

پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین ئاڵۆزی بەخۆیانەوە دەبینن، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەترسیی هەبووە کە چین مۆبایلی هواوی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر تۆڕە تایبەتەکانی پەیوەندیکردنی ناو ئەمریکاوە بکات، کە بە نەوەی پێنجەمی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن ناسراوە، بەڵام ئەو تۆمەتانە لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە رەتکرانەوە.

ع.م

‌بەپەلە