سەردێڕ:

ناردنی نەوت لە کێڵگەکانی گەرمیانەوە بۆ پاڵاوگەکانی هەولێر ڕاگیرا

بەرهەمى ڕۆژانەیان ۳۰ هەزار بەرمیل نەوتە
فۆتۆ: 
2019-06-19

17538 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، گەرمیان، گەرمیان حەمەى پور

لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا دەیان تانکەر، کە نەوتی کێڵگەکانی حەسیرە و چیا سورغیان هەڵگرتبوو بۆ پاڵاوگەکانی هەولێر، ڕێگە بە تێپەڕبوونیان نەدرا.

عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی ئاسایشی گشتیی گەرمیان بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ڕێگری لە ڕۆشتنی نەوت بەهۆی تەواوبوونی مۆڵەتی کۆمپانیای گوێزەرەوەی نەوتی ناوچەکەیە.

ئاماژەى بەوەش کرد، کۆمپانیای بلاک بۆڵ کە کاری گواستنەوەی نەوت لە گەرمیانەوە بۆ هەولێر دەکات، ماوەی سێ ڕۆژە مۆڵەتی کارکردنی تەواوبووە، تا نوێکردنەوەی مۆڵەتیش ڕێگە بە ڕۆشتنی نەوتی گەرمیان بۆ هەولێر نادرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕەخنەی توندی لە پارتی گرت و ڕایگەیاند، "ئەگەر سیاسەتى پارتى هەر بەوشێوەیە بێت، هیچ رێگرییەک نییە لەوەى ئیدارەى خۆمان دابنێن و نەوت و غازى خۆمان کە لێرەوە ئەو دەیگوازێـتەوە و دەیفرۆشێت، بۆ خۆمان بەکاری بهێنین."

بەرهەمی کێڵگەکانی نەوت لە گەرمیان لە ئێستادا ڕۆژانە ۳۰ هەزار بەرمیلە و بڕیارە بەمنزیکانە بۆ ٥۰ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبکرێتەوە.

ئ.ر