سەردێڕ:

سێ پەرلەمانتاری گۆران وەڵامی روونکردەنەوەکەی بزوتنەوەکەیان دایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-19

19619 جار خوێندراوەتەوە

هەر سێ پەرلەمانتار هۆشیار عەبدوڵا و کاوە محەمەد و غالیب محەمەد لە فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق وەڵامى روونکردنەوەکەى بزوتنەوەى گۆڕانیان دایەوە.

لە روونکردنەوەیەکى ئەو پەرلەمانتارانەى فراکسیۆنى گۆڕاندا هاتووە، "سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەکەمەوە کە رونکردنەوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ نوسراوە، ئەم جۆرە لە پاکانەکردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانیی نەوتی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان بێبەرییە لێی، جا هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی بزوتنەوەکەدا نوسیبێتی."

ئاماژەيان بەوەشکردووە "چاوەرێبووین و (بریاریش وابوو)! کە گۆڕان بە روونکردنەوەیەک پشتیوانی هەوڵەکانمان بێت نەک بە کۆمەلێک قسەی لاستیکی داکۆکی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم."

باسیان لەوەشکردووە، "ئێمە داکۆکی لە مافی دەستوری هەرێم دەکەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە شێوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبکرێت."

لەبەشێکى دیکەى ڕوونکردنەوەکەیاندا ئەو پەرلەمانتارانەى گۆڕان رایانگەیاندووە، "ئێمە جگە لەوەی کە داوامانکردووە کێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێ و دوربگیرێ لە  رێکەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێکی ترمان نەوتووە، ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاکانی نەوت بۆ ؟!"

روونیشیانکردووەتەوە، "ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاکانی نەوت دەوەستنەوە خەریکی خۆنواندن و موزایەدە نین، بەڵکو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەکەن ئەوەش تەنها  لە پێناوی گوتنی راستیەکاندا، چونکە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریکەی هەرێمدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەکڵاوەکەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایکبو بۆ ئەوەی کۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە."

ئەو ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بزوتنەوەى گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بزووتنەوەکەیان وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە و هەر واشدەمێنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە ئەو کەسانەی بۆ " خۆنواندن" رەخنە دەگرن گوزارشت لە رای گۆڕان ناکەن و تا دەرکردنی یاسای نەوت و غاز،  مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات.

ئەوەش دواى ئەوە هات کە ماوەی هەفتەیەکە بەشێک لە هەڵسوڕاوان و پەرلەمانتارانی بزوتنەوەکە ڕەخنە لە پارتی دەگرن کە لەم کاتەدا بزوتنەوەکە لەگەڵ پارتى لەسەروبەندى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکەیانن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت.

ئ.ر

‌بەپەلە