سەردێڕ:

ئێران لەسەر دانەنانی ئاڵای عێراق ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە

لە کاتی پێشوازیکردن لە بەشیر حەداد
کۆبوونەوەی جەواد زەریف و بەشیر حەداد
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-19

14415 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئێران بە فەرمی وەڵامی پرسیاری شاندی پەرلەمانی عێراقی دایەوە، کە دوێنێ لەکاتی سەردانیکردنی بۆ تاران تەنها ئاڵای ئێران دانراوە و ئاڵای عێراق فەرامۆش کراوە.

لە بەیاننامەیەکدا بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، سەبارەت بەو ڕووداوەی دوێنێ کە لەکاتی مەراسیمی پێشوازیکردن لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق لەلایەن محمد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە، لە هۆڵی پێشوازیکردنەکەدا تەنها ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دانراوە بێ ئەوەی ئاڵای عێراق دابنرێت.

لە بەیاننامەکەدا بەشیر حەداد داوای ڕوونکردنەوەی کردووە و باڵیۆزی عێراقی لە تاران ڕاسپاردووە داوای ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لایەنی ئێرانی بە فەرمی ڕوونکردنەوەی داوەتە عێراق و تیایدا ڕایگەیاندووە، "لە پرۆتۆکۆلی کارپێکراودا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کاری پێ دەکرێت، لە مەراسیمی پێشوازیکردن ئاڵای وڵاتان لەگەڵ شاندی هاوتادا دادەنرێت، نەک لەگەڵ بەرزتر یاخود نزمتر، بەو پێیەش لەبەرئەوەی دیدارەکە لە نێوان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێراندا بووە، تەنها پێویست بووە ئاڵای وڵاتی سەردانیکراو (میواندار) دابنرێت."

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاڵای عێراق لەکاتی دیدارە فەرمییەکانی دیکەدا لەپاڵ ئاڵای ئێرانەوە دانراوە.

ع.م