سەردێڕ:

بزوتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-06-19

4234 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە بزووتنەوەکەیان وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە و هەر واشدەمێنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە ئەو کەسانەی بۆ " خۆنواندن" رەخنە دەگرن گوزارشت لە رای گۆڕان ناکەن و تا دەرکردنی یاسای نەوت و غاز،  مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە " رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستوری و نایاساییەکان، و لە دژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت".

باس لەوەشکراوە، "هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێکی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، دەبێ بە رێکاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا".

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زوترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم ".

ئاماژە بەوەشکراوە، "تا دەرکردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان، و بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ".

ئەم ڕوونکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بەشێک لە هەڵسوڕاوان و پەرلەمانتارانی بزوتنەوەکە ڕەخنە لە پارتی دەگرن.

هـ.ع

‌بەپەلە