سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2019-06-19

896 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دەربارەی هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هەرێم ئامادەیە هاوکاری بەغدا و لێکۆڵەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لەگەڵ كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵينەوە لە تاوانەكانی داعش کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە لە کارەکانیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌دواداچوونی كه‌یسی تاوانه‌كانی داعش بەردەوامن.

باسیان لەوەشکردووە، کێشەیەکی دیار له‌ عێراقدا ئەوەیە جگه‌ له‌ یاسای تاوانه‌كانی تیرۆر، یاسای تاوانه‌كانی جه‌نگ و جینۆساید نییه‌‌، بە گرنگیشیان زانیووە لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و دەستگیرکردن و دادگایکردنی چەکدارانی داعش هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەبێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  سوپاسی كاری شاندی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعشی کردووە و  ئاماده‌یی و پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگيرى و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ریی له‌م كه‌یسه‌دا دەربڕیووە.

هـ.ع