سەردێڕ:

یەکەم فڕۆکەی کارەبایی دروستکرا

فۆتۆ: 
2019-06-19

3142 جار خوێندراوەتەوە

لە پێشانگای پاریس ئەیر شۆو، یەکەم فڕۆکەی کارەبایی نمایشکرا کە توانای فڕینی هەیە بۆ مەودای ٦٥٠ میل و حەوت کەس هەڵدەگرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو کۆمپانیایەی دروستی کردووە دەیەوێت گەشتەکانی ناو هەرێمەکان ئاسان بکات بۆ نمونە گەشتێك لە پایتەختی فەڕەنساوە بۆ شاری تۆلۆز لە باشووی فەڕەنسا.

کۆمپانیای " Eviation Aircraft" وتی: فڕۆکەی "ئەلێس" پاش بیرکردنەوەی ورد لە تێچوو، تاقیکردنەوە، کاریگەریی لەسەر کەش بۆ گەشتە هەرێمییەکان دروستکراوە.

کاریگەری گەشتی ئاسمانی لەسەر ژینگە بووەتە جێی سەرنجی پارێزەرانی ژینگە و ئەو کەسانەی گرنگی بە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن، کۆمپانیاکانی گەشتە ئاسمانییەکان ماوەیەکی زۆرە بەدوای رێگەی جیاوازدا دەگەڕێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەردراوە زیانبەخشەکانی فڕۆکەکان و کەمکردنەوەی تێچووی دیزانە نوێکان و تەکنەلۆژیا پاکەکان.

بار یوهای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایە کە فڕۆکەکەیان دروستکردووە وتی: فڕۆکەی ئەلێس، بە بڕێكی کەمتری تێچووی فڕۆکەکانی دیکە کاردەکات، دووبارە ئەوە نیشاندەداتەوە کە چۆن خەڵك دەتوانن بەناو هەرێمەکاندا گەشت بکەن، هەروەها چاخێکی نوێی گەشتکردن بە فڕۆکە دروست دەکات کە ئارامترە و تێچووی کەمە و پاکترە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان مەبەستیان ئەوەیە لە ئاڕاستە قەرەباڵخەکاندا بەکاری بهێنن وەك گەشت لە پاریسەوە بۆ تولوز، لە ئۆسلۆوە بۆ تروندهایم لە نەرویج، لە سان هۆزێوە بۆ سان دیێگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

یەکەم کڕیاری بازرگانیش بۆ ئەم فڕۆکەیە کیپ ئێرە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، کە خزمەت بە ٣٥ شار دەکات لەوێ و لە کاریبی، ئەم کۆمپانیایە دەیەوێت بە دەیان لەم فڕۆکەیە بکڕێت.

هەروەها وا بریارە لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەو فڕۆکەیە بۆ بواری بازرگانی بەکاربهێنێت.


‌بەپەلە