سەردێڕ:

​نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر دۆسییەی خاشقچی داوای سزادانی محەمەد بن سەلمان دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-19

1728 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکى نوێی لەسەر دۆسییەی کوشتنى خاشقچی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای سزادانی محەمەد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعودیە دەکات.

ئەنیس کالامار بڕیاردەری دۆسیی کوشتن و لەسێدارەدانی نایاسایی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی کۆتایدا لەسەر کوشتنى خاشقچی ڕایگەیاندووە، کوشتنى خاشقچی لەلایەن سعودییە بە شێوەیەکی نایاسایی  دەرچوونە لە بەندەکانی پەیماننامەی ڤییەننا سەبارەت بە ڕێکخستنى باڵیۆزانی سیاسی جیهان و دژ بە بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕینە کە نەتەوەیەکگرتووەکانی لەسەر بنیاتنراوە.

ئەوەشی تێدا هاتووە، بەڵگەى ڕوون و ئاشکرا لە بەردەستن کە بەرپرسانى سعودییە لە نێویاندا محەمەد سەلمان جێنشینی پاشا دەستیان هەبووە لە کوشتنى ناوبراودا بە شێوەیەکی نایاسایی دوای ئەوەی بە نهێنی ئەشکەنجەیان داوە.

ئەنیس کالامار وتووشیەتی ، بە پێی یاساکانی سزای نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت موڵکوماڵی ئەو کەسانەى بەشداربوون لەو پرۆسەدا بلۆکبکرێت بە محەمەد بن سەلمانیشەوە.

ڕاشیگەیاندووە، سعودییە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت پابەندبێت بە لێکۆڵینەوەى دۆسییەکە لەگەڵ تورکیا و بەڵام لەو بارەیەوە کەمتەرخەمی کردووە و ڕێگەی نەداوە کارەکان بە ئاسانی بڕۆن.

لە ڕاپۆرتەکەدا داواشکراوە، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان خۆیان چاودێری لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەم دۆسییە بکەن چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە.

ڕۆژى دووى تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دوای چوونە ژوورەوەی بۆ ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودییە بێسەروشوێنبوو، دوای ٤٠ رۆژیش سەرۆکایەتی داواکاری گشتى سعودیە ئاشکرایکرد، خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەى وڵاتەکەیدا لە ئیستەنبوڵ کوژراوە و تەرمەکەی پارچەپارچەکراوە.