سەردێڕ:

ژنێکی کورد وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا دیاریکرا

بۆیەکەمجار
فۆتۆ: 
2019-06-19

5541 جار خوێندراوەتەوە

بۆیەکەمجار لە مێژووی ئەمریکا، ژنێکی کورد بە ناوی هێرۆ مستەفا وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا دیاریکرا.

 هێرۆ مستەفا، لە ڕابردوودا راوێژکار و کەسایەتییەکی چالاکی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی بووە و بەوە ناسراوە کە کەسێکی موسڵمانە و وەکو پەنابەرێک رووی لە ئەمریکا کردووە.

ناوبراو بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەیدا روویان لە ویلایەتی دیکۆتای باشوور لە ئەمریکا کردووە،  دەرچووی زانکۆی جۆرج تاونە و لە ڕابردوودا. دوای تەواوکردنی خوێندنی ڕێکخراوێکی ناحکومی دامەزراندووە بۆ خوێندنی کوردی لە ئەمریکا.

هەر لەو ماوەیەدا گەشتی بۆ بۆسنیا کردووە و وەکو چاودێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئەو وڵاتەدا کردووە، دواتر وەکو سەرنوسەری ناوەندی توێژینەوەی ئیمارات کاری کردووە کە بنکەکەی لە ئەبو زەبی، ئیماراتە.

هێرۆ مستەفا لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە بەشداری لە چەندین پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا کردووە، لەوانە ،نوێنەری سیاسی ئەمریکا بووە بۆ مافی مرۆڤ و بازرگانیکردن لە یۆنان، هەروەها کارمەندی کونسوڵخانەی ئەمریکا بووە لە بەیروت.

یاریدەدەری تایبەتی هەردوو کۆندالیزا رایز وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، ویڵیەم جۆزێف بێرنز جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە.

هەروەها لە سەردەمی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، هێرۆ مستەفا هەماهەنگیکاری هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی بووە.

هێرۆ مستەفا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١دا ڕاوێژکاری باڵای جۆو بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دواتر ناوبراو کراوەتە ڕاوێژکاری وەزیریی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هیندستان، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بووەتە جێگری بەڕێوەبەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پرتوگال.

ناوبراو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا لەدوای تەواوبوونی وادەی دەسەڵاتەکانی ڕۆبێرت سێرمان باڵیۆزی ئەمریکا لە پرتوگال، بووەتە باڵیۆزی ئەو وڵاتە بە وەکالەت تا مانگی ئابی هەمان ساڵ ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.