سەردێڕ:

هەڵەبجە.. دادگایکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە چەکی کیمیایان دایە رژێمی بەعس بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-06-19

1507 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەڵەبجە، وریا حەمە کەریم

ئەمڕۆ لە دادگای بەرایی هەڵەبجە دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە هاوكاری ڕژێمی سەدامیان كردووە لە دروست كردنی چەكی كیمیایی بەڕێوەچوو.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرلەبەیانی لە دادگای بەرایی هەڵەبجە دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە چەکی کیمیاییاندا بە رژێمی بەعس و هاوکاری بوون بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی دانیشتنی رابردوو نوێنەری ئەو کۆمپانیایانە ئامادەنەبوون.

باسی لەوەشکرد، لە سێ دانیشتنی رابردوودا بەشێک لە نوێنەرانی کۆمپانیاکان و خاوەنەکانیان لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوون کە ژمارەیان ٢٥ کۆمپانیایە.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە گرێبەستێکی لەگەڵ چەند پارێزەرێکی ئەمریکی واژکردووە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بدرێن بە دادگا و دوای تۆمارکردنی سکاڵاش لە وڵاتی فەڕەنسا، پرۆسەی دادگایکردنەکە گواستراوەتەوە بۆ هەرێم.

هەروەها لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دانیشتنی چوارەمی دادگا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت نوێنەری سێ کۆمپانیا ئامادەبوون، رونیشکردەوە ئەوان وەکو کەسوکاری قوربانیانی کیماباران خۆشحاڵن کە ئەمڕۆ ئەو کەسانەی بەشداربوون لەو تاوانە لەناو شارەکەیاندا دادگای دەکرێن.

هـ.ع