سەردێڕ:

بەسڕە.. موشەکێک هاوێژرایە کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی ​

فۆتۆ: 
2019-06-19

1884 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ موشەکێک ئاراستەی کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل کرا لە شاری بەسڕە و بەهۆیەوە دوو کرێکاری عێراقی برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شارەکەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە کراوەتە سەر ناوچەی بورجسیە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری بەسڕەوە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، ئەو هێرشەش دوای ئەوەدێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هێرشی جیاواز کرایە سەر ئەو بنکە سەربازیانەی کە هێزەکانی ئەمریکای لێبووە.

بەرپرسانی نەوتی عێراقیش ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە کاریگەری لەسەر هەناردەی نەوت لە باشووری عێراق نەبووە.

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی مانگی ڕابردوو بڕیاری کشانەوەی تەواوی کارمەندەکانی دا لە کێڵگەی نەوتی قورنە لە بەسڕە، و سەرەتای ئەم مانگەش دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی ڕایگەیاند، ئاسایشی کۆمپانیاکە تودوتۆڵتر دەکەن، کۆمپانیاکە بڕیاری گەڕاندنەوەی ٨٣ کارمەندی دا بۆ سەر کارەکانیان لە عێراق.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆوە کۆمپانیا ئەمریکیەکە دووبارە ئامادەکاری دەکات بۆ کشانەوەی ٢٠ لە کارمەندە بیانییەکانی.