سەردێڕ:

مەکتەبی سیاسیی پارتی وەڵامێکی "توند"ی مەحمود سەنگاوی دایەوە

دوای وەڵامەکەی بارەگای بارزانی
فۆتۆ: 
2019-06-19

46589 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامێکی توندی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دایە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا هەنگاوی جدی نراوە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان و پێکهێنانی حکومەت، بەڵام کەسێکی وەک مەحمود سەنگاوی "نا مەسئولانە" خۆی دەکاتە دەمڕاستی یەکێتی و "بەریدەدرێتە پارتی و ڕەمزی کوردستانمان".

لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە " خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقلانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات كە ئەگەر ھەر لە قاموسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانو بەسەر پارتیدا دەرشێتەوە كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جورە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەرێت بکرێت، تێكدانی ئیستقڕار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە " ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی یەکێتی كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیا ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لێبگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەداخەوە رەوشی ناوخۆی یەکێتی گەیشتووەتە ئەم ئاستە و لە ئاستی  مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و "دوا جاریش خیتابی سیاسییان خەریکە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەراشەکان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیکتفابکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحمود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا ئاماژە بەوەکراوە ئەوان چاوەڕێیان دەکرد لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو بێڕێزییەی کە کراوە،  ڕێگە لەو جۆرە عەقلانە بگرن کە هەوڵی شەڕنگێزی و فیتنە نانەوە دەکەن، دڵگرانی خۆشی نیشانداوە کە ئەم جۆرە کەسانە ببنە قسەکەر و بەرگریکاری یەکێتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش بارەگای بارزانی وەڵامی لێدوانەکانی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دایە و ڕایگەیاند، "وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەوپەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە، چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە."

مەحمود سەنگاوى لە وتارێکدا لەمیانەى ڕێوڕەسمى ڕێزلێنان لە ژمارەیەک پێشمەرگەى دێرینى حزبەکەى ڕایگەیاند، دەبوایە قوباد تاڵەبانى رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى جێهێشتایە و هێرشى توندیشی کردە سەر مەسعود بارزانى و وتی، هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەى ئیدارەى خۆیان جیابکەنەوە.

ع.م



‌بەپەلە