سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی مردنی مورسی دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-19

1981 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکات لە بارودۆخی کۆچی دوایی محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر لەکاتی دادگاییکردنیدا.

کۆمسیۆنەکە ئەمڕۆ سێشەممە (١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە هەمەلایەنە بێت و هەموو وردەکاریی چارەسەرکردنەکانی لەخۆبگرێت لەو کاتەی لە زینداندا بووە، کە نزیکەی شەش ساڵی بەسەردا تیپەڕیوە.

ڕۆبەرت کۆلفیل وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "هەر گیانلەدەستدانێکی کتوپڕ لە زینداندا، پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە و بێگەرد و هەمەلایەنە و شەفافی لێ بکرێت لەلایەن دەستەیەکی سەربەخۆوە، بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری مردنەکەی."

 

کۆلفیل ئاماژەی بەوەش کرد، گومان و مەترسی دروستبووە لەسەر دۆخی زیندانیکردنی محەمەد مورسی، بەتایبەت ئەگەری دابینکردنی چاودێریی تەندروستیی پێویست و گەیشتن بە پارێزەر و خێزانەکەی لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی کە زیندانیکراوە.

جەختیشی کردووەتەوە، "پێدەچێت مورسی بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانی تاکەکەسیدا هێڵرابێتەوە، بەتایبەت کاتێک لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا داوای مۆڵەتی قسەکردنی کردووە و دادوەریش ڕێگەی پێداوە و بۆ ماوەی پێنج خولەک قسەی لەسەر کردووە".

ئەو لێدوانانەی ئەو لێپرسراوە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کۆچی دوایی محەمەد مورسی لەکاتێکدایە، پێشتر چالاکان و ئەندامانی خێزانەکەی سکاڵا و ناڕەزایی ئەوەیان هەبووە کە مورسی لە دۆخێکی خراپدا زیندانی کراوە و چاودێریی تەندروستیی پێویستی بۆ دابین نەکراوە، بەتایبەت دەرمانی شەکرە و فشاری خوێن و، بە شێوەیەکی نیمچە بەردەوام لە زیندانی تاکە کەسیدا هێڵراوەتەوە.

هاوکات کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە، داوایکردووە دەستەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ پێکبهێنرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی مورسی.

ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا، ئیدانەی ئەو مامەڵە خراپەی کرد کە دەرهەق بە محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر کراوە و داواشیکرد لێکۆڵینەوە بکرێت لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.

دوێنێ محەمەد مورسی لە دانیشتنێکی دادگادا تایبەت بە دۆسیەی سیخوڕیکردن بۆ قەتەر، بورایە و دواتر تەلەفزیۆنی میسر بڵاویکردەوە ناوبراو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

ع.م


‌بەپەلە