سەردێڕ:

قایمقامیەتی سلێمانی: هیچ جۆرە برنجێکی پلاستیکی لە بازاڕدا نییە

فۆتۆ: 
2019-06-18

1359 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە ٧٠ جۆر برنج لەناو بازاڕەکانی هەرێمدا بوونیان هەیە، کە لە وڵاتانی هیند و پاکستان و ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێن و ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆى بڵاوبوونەوەى برنجى خراپ هەبووە، بەڵام قایمقامیەتی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە.

حاجی مەحمود لە نەوەدەکانەوە لەناو بازاڕدا، دوکانی وشکە و خۆراکی هەیە و ئاماژە بەوە دەکات، خواستی خەڵک زیاتر لەسەر برنجی خڕە وەک لە برنجی درێژ، دەشڵێت، برنج جۆری زۆرە لە بازاڕدا و خەڵک بەدوای برنجێکدا دەپرسێت کە تامی خۆش بێت و شیاوی خواردن بێت، چونکە ئەمڕۆ بووەتە خۆراکێکی سەرەکی.

قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام چاودێرییان لەسەر بازاڕ و بەرهەمە خۆراکییەکان هەیە و هەر بابەتێک شیاوی خواردن نەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتیش دەڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا توانیویانە دەست بەسەر جۆرێک لە برنجدا بگرن کە گومانیان لە کوالێتییەکەی بووە، بە جۆرێک کە برنجەکە کاتێک ئاگری پێوە دەنرێت گڕ دەگرێت.

گۆران قادر سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەت ئاماژە بەوە دەکات ئەو جۆرە لە برنج کە شیاوی خواردنە دەبێت بێ بۆن بێت، واتا لەکاتی هەڵپچڕینی فەردەکە نابێت بۆنی لێ بێت یان کەڕووی هێنابێت، ئەمە وتەی پسپۆڕێکی زانستی خۆراکە و دەشڵێت، برنجێک کە لە پلاستیک دروستکرابێت ژهراوییە و یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی نەخۆشیی شێرپەنجە.

لە ماوەی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی جۆرە برنجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە کە دەردەکەوت برنجەکە لە پلاستیک دروستدەکرا، بەڵام وەک بەرپرسانی قائیمقامیەت دەڵێن، ئەو جۆرە لە برنج لە بازاڕەکاندا بوونی نییە و ئەوان بەردەوام چاودێریی هاتنی جۆرەکانی برنج دەکەن بۆ ناو بازاڕ و هەر جۆرە برنجێک کە بە پلاستیک یان پەتاتە یاخود نیشاستە دروستکرابێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

ع.م