سەردێڕ:

ترەمپ: تاوتوێی بەکارهێنانی هێز دەکەین لە دژی ئێران

فۆتۆ: 
2019-06-18

4145 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تاوتوێی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکات لە دژی ئێران، بۆئەوەی ڕێگری بکات لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە دەکات بە هێزەکان و ئەو لایەنانەی تایبەتن بە چەکی ئەتۆمی.

بەڵام هیچ قسەیەکی نەکردووە دەربارەی ئەوەی هەڵوێستی چی دەبێت، بۆ پاراستنی ئازادیی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی وزە لە کەنداوەوە و، لەوبارەیەوە ترەمپ هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە.

سەرباری ئەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی کۆمارییەکان داوای وەڵامدانەوەی سەربازیی دەکەن لە دژی ئێران، بەڵام ترەمپ بە گۆڤارەکەی ڕاگەیاندووە، کاریگەریی هێرشەکان بۆ سەر هەردوو کەشتییە نەوتییەکانی ژاپۆن و نەرویج زۆر لاوازن تا ئێستا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆباڵی هێرشەکانی خستە ئەستۆی ئێران و چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا چەند بەلەمێکی ئێرانی دەردەکەوێت ئەو مینە ئاویانە لادەبەن کە بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ژاپۆندا نەتەقیونەتەوە، کە لە ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا ڕوویدا.

ئەمڕۆ بەر لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی پاتریک شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت، ڕایگەیاند، نزیکەی هەزار سەربازی دیکەی وڵاتەکەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەوەش بە بیانوونی بەرگریکردن لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران.

ع.