سەردێڕ:

سەدر ١٠ ڕۆژى بۆ عەبدولمەهدى داناوە بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتەکەى

فۆتۆ: 
2019-06-18

1083 جار خوێندراوەتەوە

کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى هەشت مانگى تێپەڕاند، کەچى هێشتا چوار وەزارەتى عێراق بێ وەزیرن، ناکۆکى لایەنە عێراقییەکانیش ناهێڵێت زیاتر لە ٥٠٠ پۆستى پلە باڵا، کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن پڕبکرێنەوە.

لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدى کەوتووەتە ژێر دوو فشارى توندى لایەنە عێراقییەکان و هەرێمى کوردستانەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى سەدر تەنها ١٠ ڕۆژى بۆ عەبدولمەهدى داناوە بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتەکەى.

فراکسیۆنەکانى سائیرون و فەتحیش دەڵێن، ئەگەر سەرۆک وەزیران تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئەو پۆستانەى کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت یەکلایی نەکاتەوە، ئەوا بەپێى مادەى ٥٨ لە پرۆژە یاساى بودجەى عێراق هەڵدەوەشێننەوە.

بەپێى ئامارەکان زیاتر لە ٥٠٠ پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى و باڵیۆز و پلە باڵاکان لە عێراقدا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن و لە ئێستاشدا ئەو لیژنەیەى کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پێکهێنراوە ناوى سەد و پەنجا بەڕێوەبەرى گشتى نوێ و ١٠ دەستەى سەربەخۆیان ئامادەکردووە، تا سەرۆک وەزیران ڕەزامەندى لەسەر بدات.

هاوکات موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا داوادەکات سەرۆک وەزیرانى عێراق بەرژەوەندى گشتیى لەبەرچاوبگرێت و کەسانى پسپۆڕ و دەستپاک و لێهاتوو هەڵبژێررێت ئەگەرنا پشتیوانى لێناکەن.

بڕیارە دووشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ کۆبێتەوە و سەرۆک وەزیرانیش کاندیدی هەردوو وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ پێشکەشبکات.

پارتی و یەکێتیش تاکو ئێستا لەسەر یەکلاییکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی وەزارەتی داد رێکنەکەوتوون کە پشکی کوردە.

پێشتریش عەمار حەکیم سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى وەتەنى لە چەند لێدوانێکدا ڕەخنەیى لە ئەداى حکومەتى عادل عەبدولمەهدى گرتبوو، بەوەى نەیتوانیوە لە ماوەى دیاریکراودا کابینەى حکومەت تەواوبکات و بەشێک لە وەزارەتەکان بەبێ وەزیر ماونەتەوە و پڕنەکراونەتەوە.

یەکێکى دیکە لەو فشارانەى خراوەتە سەر عادل عەبدولمەهدى، چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدایە، بەجۆرێک لە ساڵى ٢٠١٩دا بەغدا پێنج موچەى بۆ هەرێم ناردووە، لە بەرامبەردا بەپێى بودجەى گشتى ساڵى ٢٠١٩ هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بە کۆمپانیاى سۆمۆ، بەڵام تائێستا هەرێم پابەندنەبووە بەو بڕیارەوە.

عەلى کەریم ڕاوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاندووە، ئێستا کورد بەهێزە لە بەغدا، سەرۆک حکومەتێک لەسەرکارە هەڵوێست و روانینەکانی باشن بۆ کورد و تائێستا بەرگەی فشارەکانی گرتووە، بەڵام بە جوڵەیەکی سیاسی جیاواز لە بەغدا رەنگە دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام نەبێت بۆ کورد .

ڕاوێژکارەکەى سەرۆک کۆمار دەشڵێت، بۆ هەرێمی کوردستان ئێستا هەلەکە لەبارە، هەرێم پێویستی بە هەوڵى چڕ و خێرایە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکە و چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەرێگای دیالۆگێکی گشتگیر و بنەڕەتی.

هـ.ع