سەردێڕ:

لەتیف شێخ مستەفا: هیچ پەرلەمانتارێک لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمارنەکردووە

سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم
فۆتۆ: 
2019-06-18

2833 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پێشووى عێراق ڕایگەیاند، هیچ پەرلەمانتارێک لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارنەکردووە، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر پەرلەمانتاران سکاڵاش تۆماربکەن، بەهۆی ئەوەی مەرجی سکاڵاکاریان تێدا نییە دادگای فیدڕاڵی داواکارییەکانیان رەتدەکاتەوە.

حاکم شێخ لەتیف یاساناس و پەرلەمانتاری پێشووى عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنها ئەو سکاڵایانە کاریگەرییان دەبێت کە لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆماردەکرێن، لەو دادگایەش تەنها یەک سکاڵای حوکمەتی عێراق لەسەر هەرێم هەیە و ئەوانەی باس لەوە دەکەن سکاڵایان تۆمارکردووە "تەنها قسەی سەر تەلەفزیۆنە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرمانبەران خۆیان دەتوانن ئەو سکاڵایە تۆماربکەن وەک لایەنی سەرەکیی زیان لێکەوتوو، ئەویش لە رێگای پارێزەرەوە، چونکە مەرجی یاساییان تێدایە، بەڵام پەرلەمانتار سکاڵاش تۆماربکات دادگا سکاڵاکەی رەتدەکاتەوە بەهۆی ئەوەی مەرجی سکاڵاکەریان تیا نییە، کە "یەکەم دەبێت شایستەیی هەبێت، دووەم دەبێت بەشێک بێت لە سکاڵاکە، سێهەم دەبێت زەرەرمەند بێت، خۆ موچەی خۆیان لای حکومەتی هەرێم نییە."

لەتیف شێخ مستەفا دەشڵێت، دیاردەیەکی ناشرینە هەندێک سیاسی و پەرلەمانتاران بۆ خۆ بە پاڵەوانکردن پەنا بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە دەبەن، خەڵکیش "زاکیرەی کورتە زوو شتی بیردەچێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دانیشتنێكی دیکەی سکاڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی عێراق بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەى دادگادا هەر سێ پەرلەمانتار هۆشیار عەبدوڵا و سەرکەوت شەمسەدین و ئەحمەد حاجى ڕەشید ئامادەبوون و لە راگەیەندراوێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوە کرد، گرنگە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی دەستووری و یاسایی چارەسەر بکرێت و داهاتەکەی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە.

هـ.ع