سەردێڕ:

بارەگای بارزانی وەڵامی مەحمود سەنگاوی دایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-18

55730 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕەخنەی لە شێوازی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی گرتبوو، نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی وەڵامیدایەوە و ڕایگەیاند، وتەکانی مەحمود سەنگاوی لە بێ ئاستیدایە و ئەوە ناهێنێت وەڵام بدرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە (١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، "وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەوپەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە، چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە."

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و گوتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێدەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاوبكەنەوە، كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە."

ئەو ڕاگەیەندراوەی بارەگای بارزانی لەکاتێکدایە، مەحمود سەنگاوى لە وتارێکدا لەمیانەى ڕێوڕەسمى ڕێزلێنان لە ژمارەیەک پێشمەرگەى دێرینى حزبەکەى ڕایگەیاند، دەبوایە قوباد تاڵەبانى رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى جێهێشتایە و هێرشى توندیشی کردە سەر مەسعود بارزانى و وتی، هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەى ئیدارەى خۆیان جیابکەنەوە.

رەخنەکانى سەنگاوى زیاتر ڕوو لە مەسعود بارزانین و دەڵێت، "ئەگەر بچووک نەبوایە لە دواى کۆچى دوایى جەلال تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفا وازى لە پارتى دەهێنا و دەیوت کە سەرۆکى کوردە و چ کێشەیەکتان هەیە وەرنە لاى من."