سەردێڕ:

گەرمیان.. دوای شەش مانگ چارەنووسی حەوت بارهەڵگر دەرمانی قاچاغ یەکلاییکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-18

1899 جار خوێندراوەتەوە

پاش زیاتر لە شەش مانگ چارەنووسى حەوت بارهەڵگر دەرمانى قاچاخ یەکلایی کرایەوە، کە لەژێر بار و کارتۆنى کاڵاى تردا، بە شێوەیەکى نایاسایی هێنرابوونە سنوورى ئیدارەى گەرمیان، لە بازگەکانى ئاسایشدا دەستیان بەسەردا گیرا.

لە پاش زیاتر لە شەش مانگ، بڕیار لەسەر دەرمانەکان درا، بەشێکیان لەناوبران و سوتێنران، بەشێکیشیان درانە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى گەرمیان و ئەوانى تر درانەوە بە خاوەنى دەرمانەکان، ٢٠ تۆمەتباریش کە لەسەر مامەڵەکردن بەو دەرمانە قاچاخەوە دەستگیرکرابوون بە کەفالەت ئازاد کراون.

دەرمانەکان زیاتر بابەتى جوانکارى و بێهۆشکردنن، فیلەر و بۆتۆکس، کە بابەتى جوانکاریى خانمانە، سوتێنران و دەرمانى بێهۆشکەریش کە لە هۆڵەکانى نەشتەرگەریدا بەکاردێن درانە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى گەرمیان، ئەوانى تر دواى دەرکردنى مامەڵەى یاسایی بۆیان درانەوە بە خاوەنەکانیان، شارەزایانى دەرمانیش دەڵێن، بەکارهێنانى بەشێک لەو دەرمانانە کە لەناوبراون، لە ئەگەرى بەکارهێنانیاندا دەبوون بەهۆى نەخۆشیی کوشندەی وەک شێرپەنجە و ڤایرۆسی جگەر.

بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، هێنان و بردنى دەرمانى قاچاخ و نایاسایی لە دواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر و دانانى خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە سنورى گەرمیاندا زیاد بووە، ئەمەش بەهۆى خۆدزینەوە لە باج و گومرگى ئەو خاڵە گومرگییانە، جگە لە سنوورى گەرمیانیش، لە زۆربەى ناوچەکانى ترى هەرێم دەرمانى قاچاخ مامەڵەى پێوە دەکرێت، هەرێمى کوردستانیش وەکو ڕێڕەوێکە بۆ هێنان و بردنى دەرمانى قاچاخ لە نێوان وڵاتانى دراوسێ و  ناوەڕاست و باشوورى عێراق.

ع.م