سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی جموجموڵی هێزە بیانییەکانی لە عێراق و هەرێم دیاریکرد

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-18

3525 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چەند بڕیارێکی دەرکرد دەربارەی جموجوڵی هێزە بیانییەکان لە ناوخۆی عێراق و ڕێگریکردن لە جموجوڵ و چالاکیی هەر هێزێکی بیانی لە ناوخۆی عێراق و هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە (١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بە گێڕانەوەی هەیبەت و هەژموونی دەوڵەتی عێراق کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی رەهای تەواوی خاکی عێراق و کۆتاییهێنان بە هەموو دیاردەیەکی نەشاز و نایاسایی کە زیان بە سەروەریی عێراق بگەیەنێت.

لە بەیاننامەکەدا عەبدولمەهدی جەختیکردووە لە چەند خاڵێک، لەوانە ڕایگەیاندووە، "ڕێگە نادرێت بە هیچ هێزێکی بیانی بە کارکردن یان هەر جموجوڵێک لەسەر خاکی عێراق، بێ مۆڵەت وەرگرتن و ڕێککەوتن و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدا."

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "ڕێگری دەکرێت لە هەر دەوڵەتێک لە هەرێمەوە یان لە دەرەوە بوونی هەبێت لەناو خاکی عێراق، یان جموجوڵ و چالاکی ئەنجامبدات لە دژی هەر لایەکی تر، جا ئەو لایەنە دەوڵەتێکی هاوسێ بێت، یاخود بوونی هەر بوونێکی بیانی لە ناوخۆی عێراق یان لە دەرەوەی بێ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا."

هەر لەو بەیاننامەیەکدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "ڕێگری دەکرێت لە کاری هەر هێزێکی عێراقی یان بیانی کە کار بکات لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق یان لە دەرەوەی عێراق یان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."

لە خاڵێکی تری بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە، "ڕێگری دەکرێت لە هەر هێزێکی چەکدار کە لە دەرەوەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق یان لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەی هێزە چەکدارەکاندا بێت، هیچ جموجوڵ و ئۆپراسیۆن یان کۆگا یاخود پیشەشازیی هەبێت لە دەرەوەی زانیاری و ئاگاداری و کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەی گشتی".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کردووە، دەزانن جێبەجێکردنی ئەو کارە پێویستی بە هەندێک کات هەیە، چونکە هەستیاری و زۆریی لایەنەکان و پێشێلکارییەکان کەم نین، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونیان هەنگاوی بەهێزیان ناوە بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی ئەو کارە و بەدیهێنانی پلانی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی جومگە جیاجیاکان و بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ گەلی عێراق و، پاراستنی سەروەریی عێراق لەسەر هەموو بوارە جیاجیاکان.

ئەو ڕاگەیاندنەی عادل عەبدولمەهدی لەکاتێکدایە، تا ئێستا چەند جارێک لێپرسراوانی حکومەتی عێراق داوایان لە تورکیا کردووە هێزەکانی خۆی لە ناوخۆی عێراق بکێشێتەوە کە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بنکە و بارەگای هەیە، بە بیانوونی دژایەتیکردنی گەریلاکانی پەکەکە.

هاوکات تا ئێستا چەند جارێک سیاسییەکان و بەشێک لە هێز و لایەنە عێراقییەکان باسیان لەوە کردووە، دەوڵەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارە شیعییەکانی نییە، کە هەرچەندە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق حسابکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دەکرێن بە نزیکایەتییان لەگەڵ ئێران، زۆر گوێ بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق نادەن.

جگە لەوەش تا ئێستا چەند جارێک بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق نیگەرانییان دەربڕیوە لە دژی سوپای ئەمریکا و جموجوڵە بێ هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەت و دامەزراوەی سەربازیی عێراق، تەنانەت لە ئێستادا بەشێک لە هێزە سیاسییەکان کار بۆ دەرکردنی یاسایەک دەکەن لە پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەناو خاکی عێراقدا.

ع.م