سەردێڕ:

بەشێک لە نهێنیی ئەو گۆڕستانەی محەمەد مورسی تیادا بەخاکسپێردراوە

فۆتۆ: 
2019-06-18

12243 جار خوێندراوەتەوە

عومەر فاروق پسپۆڕ لە کاروباری ئیسلامی سیاسی وردەکاریی ئەو گۆڕستانە ئاشکرادەکات، کە محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسری تیایدا بەخاکسپێردراوە.

ئەو شارەزایە لە لێدوانێکدا بۆ روسیا تودەی ئاشکرایکردووە، گۆڕستانەکە دەکەوێتە شاری نەسر کە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بە "گۆڕستانی مورشیدین" ناویدەبەن، تایبەتە بە بەخاکسپاردنی گەورە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین.

فاروق ئاماژی بەوە کردووە، گۆڕستانی مورشیدین لە سەردەمی "عومەر تەلمسانی" سێهەم ڕابەری ئیخوان دامەزراوە، کاتی خۆی لەلایەن مستەفا مەشهور ئەندامی مەکتەبی ئیرشادی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینەوە لە ساڵی ١٩٨٥ کڕدراوە، ڕوبەری گۆڕستانەکە لە ١٢٠ مەتری چوارگۆشە پێکهاتووە و لەناو گۆڕستانی "وەفا و ئەمەل"ی شاری نەسر جیاکراوەتەوە، کە دەکەوێتە دەوروبەری قاهیرەی پایتەخت.

عومەر تەلمسانی سێهەمین ڕابەری ئیخوانەکان و یەکەم کەس بووە لەو گۆڕستانە کە لە ساڵی ١٩٨٦ بەخاکسپێردراوە، دوای ئەویش محەمەد حامید ئەبو زەید ڕابەری چوارەمی ئیخوان موسلیمین، کە لە ١٩٩٦ لە هەمان شوێن بەخاکسپێردراوە.

دوای ئەویش مستەفا مەشهور پێنجەمین ڕابەری ئیخوان کە لە ساڵی ٢٠٠٢ هەر لەو گۆڕستانە بەخاکسپێردراوە، کە لەکاتی بەخاکسپاردنی محەمەد حامید ئەبو زەید بەیعەتیان دا بە مەشهور، ئەو کاتە ئەو بەیعەتە ناونرا بە "بەیعەتی گۆڕستان."

لە ساڵی ٢٠١٧ بە هەمان شێوە محەمەد مەهدی عاکف ڕابەری حەوتەمی ئیخوان هەر لە گۆڕستانی مورشیدین بەخاکسپێردراوە.

ئەو پسپۆڕەی ئیسلامی سیاسی ئاماژەی بەوەش کردووە، حەسەن بەننا ڕابەری یەکەمی ئیخوان موسلیمین لە گۆڕستانی ئیمامی شافیعی لە ساڵی ١٩٤٩ بەخاکسپێردراوە، لەکاتێکدا حەسەن هوزەیبی ڕابەری دووەمی ئیخوان، کە لە ساڵی ١٩٧٣ کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی خێزانەکەی لە گوندی "عەرەب سەوالیحە" لە دەوروبەری پارێزگای قەلیوبییە بەخاکسپێردراوە.

تا ئێستاش گۆڕستانەکە لەسەر کاغەز بە ناوی مستەفا مەشهورەوەیە و بە هیچ شێوەیەک وەک موڵک ڕێگە نادرێت بکرێت بە ناوی ڕێکخراوەکەوە، بەڵام جگە لە ڕابەر و سەرکردە هەرە دیارەکانی کۆمەڵەی ئیخوان ڕێگە نادرێت بە هیچ کەسێک لەو گۆڕستانە بەخاکبسپێردرێت.

ئەو  پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیارترین ئەو کەسانەش کە ڕابەر نەبوون و لەو گۆڕستانە بەخاکسپێردراون، بریتین لە سەناء ئەبو زەید ئەندامی ئەنجومەنی شورای کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، کە یەکێک لە ئیخوانەکانی نەوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، هەروەها "زەینەب غەزالی" ڕابەری ڕۆحیی بەشی "خوشکان"ی کۆمەڵەکە.

دوێنی تەلەفزیۆنی فەرمیی میسر هەواڵی کۆچی دوایی محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسری لەبەردەم دادگا ڕاگەیاند و، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە ڕێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا لەو گۆڕستانە بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی و پارێزەرەکانی و بێ ڕێگەدان بە هیچ میدیایەک بەخاکسپێردرا.

ع.م