سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. مێرکڵ لەکاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی ئۆکرانیا دەلەرزێت

فۆتۆ: 
2019-06-18

8949 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت راوێژکاری ئەڵمانیا لەکاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی دیار دەلەرزێت.

ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاژانسە جیهانییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا ئەنگێلا مێركڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بە شێوەیەکی دیار دەلەرزێت، بەڵام هەوڵدەدات خۆی کۆنتڕۆڵبکات، ئەوەش لەکاتی پێشوازیکردنی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی راوێژکاری لە بەرلین و وەستانیان بۆ گوێگرتن لە مارشی نیشتمانیی هەردوولا.

دوای تەواوبوونی مارشی نیشتمانیی هەردوو وڵات، ئەنگێلا مێرکڵی تەمەن ٦٥ ساڵ هەوڵدەدات بە بەردەوامی بە پێوە بوەستێت، دواتریش بە خێرایی لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی دەچێتە سەر فەرشی سوری پێشوازی، هەروەها بۆ سڵاوی سەربازییش بە شێوەیەکی ئاسایی دەوەستێت.

دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا مێرکڵ باسی لەوە کرد، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا باسیان لە پرسە هاوبەشەکان و رێککەوتنی مینسک بۆ ئاشتی کردووە، بەڵام ئاماژەی بەو حاڵەتە نەکرد کە ئەمڕۆ بەسەریهاتووە.

هەروەها نازانرێت کە ئایا راوێژکاری ئەڵمانیا تووشی هیچ کێشەیەکی تەندروستی بووە یان نا.

ئەنگێلا مێرکڵ لە ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هامبۆرگ لەدایکبووە، نزیکەی ١٨ ساڵە سەرۆکی پارتی یەکێتیى دیموکراتیی مەسیحییە و، لە ساڵی ٢٠٠٥یشەوە تا ئێستا ڕاوێژکاری وڵاتی ئەڵمانیایە.

هــ.ع