سەردێڕ:

یەكێتی: قسەکانی مەحمود سەنگاوی گوزارشت لە سیاسەتی ئێمە ناکات

فۆتۆ: 
2019-06-18

25407 جار خوێندراوەتەوە

دوای قسەکانی مەحمود سەنگاوی، لەتیف شێخ عومەر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، " بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین، ئەو وتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە،  گوزارشت لە هەڵوێست‌ و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات".

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئێمە سەرەڕای رێزی تایبەتیمان بۆ كاك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی دۆستانەی مێژوویی كۆمان دەكاتەوە. ئێستایش بەپەرۆشەوە، پێكەوە  هەنگاو بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دەنێین ‌و هەر دوێنێش لەمیانی كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەردوولاماندا، جەخت لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام و هێور و دۆستانە كرایەوە، تا بتوانین پێكەوە بە یەكگرتووی رووبەرووی مەترسیەكان ببینەوەو، پەلە بكەین لە تەواوكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی نێوانماندا".

لە کۆتای ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە، كە تەنها لێدوان‌و ووتەكانی ووتەبێژی رەسمی یەكێتی گوزارشت لە ڕاو بۆچوون‌و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات"

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبى سیاسى یەکێتى رایگەیاند، دەبوایە قوباد تاڵەبانى رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى جێهێشتایە و هێرشى توندی کردە سەر مەسعود بارزانى و ڕایگەیاند، هیچ ڕێگرییەک نیە لەوەى ئیدارەى خۆیان جیابکەنەوە.