سەردێڕ:

مەحمود سەنگاوى: دەبوایە قوباد تاڵەبانى رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى جێهێشتایە

هێرشى توند دەکاتە سەر بارزانى
فۆتۆ: 
2019-06-18

69404 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رایگەیاند، دەبوایە قوباد تاڵەبانى رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى جێهێشتایە و هێرشى توند دەکاتە سەر مەسعود بارزانى و دەڵێت هیچ ڕێگرییەک نیە لەوەى ئیدارەى خۆیان جیابکەنەوە.

مەحمود سەنگاوى، لە وتارێکدا لەمیانەى ڕێوڕەسمى ڕێزلێنان لە ژمارەیەک پێشمەرگەى دێرینى حزبەکەى، دەڵێت لەبەر خاترى میللەت شتى زۆریان لە پارتى قبوڵکردوە، بەڵام لەمەودوا نەسوکایەتى قبوڵدەکەن نە خۆیان لە پارتى بە بچوکتر دەزانن، بەڵکو خەبات و ماندوبونى یەکێتى لەسەرووى پارتیەوەن.

بەوتەى مەحمود سەنگاوى، "ئەو تاوانبار و خۆفرۆشانەى کە پێشمەرگەیان رادەستى بەعس دەکرد ئێستا لاى مەسعود بارزانین و ئەویش شەرم ناکات کە خۆى لە یەکێتى بە گەورەتر دەزانێت."

رەخنەکانى سەنگاوى زیاتر ڕوو لە مەسعود بارزانین دەڵێت، "ئەگەر بچوک نەبوایە لە دواى کۆچى دوایى جەلال تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفا وازى لە پارتى دەهێناو دەیوت کە سەرۆکى کوردەو چ کێشەیەکتان هەیە وەرنەلاى من."

جەختیشیکردەوە، کە بارزانى نەیتوانیوە سەرکردایەتى کورد بکات.

لەبارەى دوو ئیدارییەوە، مەحمود سەنگاوى، هۆشداریداوە ئەگەر سیاسەتى پارتى هەر بەوشێوەیە بێت هیچ رێگرییەک نییە لەوەى ئیدارەى خۆیان دابنێن و نەوت و غازى خۆیان بفرۆشن.

هەروەها ڕەخنەش لە قوباد تاڵەبانى دەگرێت و دەڵێت دەبوایە رێوڕەسمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى بەجێبهێشتایە بەهۆى فەرامۆشکردنى رۆڵ و خەباتى جەلال تاڵەبانى.

ئ.ر