سەردێڕ:

کارگەی نانی تیری لەلایەن ژنانەوە زیادیکردووە

فۆتۆ: 
2019-06-17

2574 جار خوێندراوەتەوە

کردنەوەی کارگەی نانی تیری لەلایەن ژنانەوە لە قەزای ڕانیە زیادیکردووە بەجۆرێک زیاتر لە ٦۰ کارگەی نانی تیری لە سنورەکە کراوەتەوە.

یەکێک لەو ژنانەى لە کارگەکاندا نانی تری دروستدەکات ناوى نەشمیلەو ماوەی سێ ساڵە ئەو کارە دەکات و بۆ هەر پەنجا نانێک بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگرێت، لە بەیانییەوە تا ئێوارە کاردەکات بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی.

نانی تیریی بەربڵاوترین جۆری نانی کوردیە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، لەسنوری قەزای ڕانیەشدا زیاتر لە ٦۰ کارگەی نانی تیری هەیە، کە تایبەتمەندی ئەم جۆرە نانە ئەوەیە کە دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت و یارمەتی خێرا هەرسکردن دەدات و ئازاری گەدە نادات.

شەونم و نەسرین خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی نانی تیریين وماوەی پێنج ساڵە بە هاوبەشی کارگەیەکیان داناوە، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار نان بەرهەمدەهێنن و هەلی کاریان بۆ زیاتر لە پەنجا ژن ڕەخساندووە.

نان لە ڕانییە دەخرێتە زەرفی تایبەتەوە و دەبرێتە بازاڕەکان لە شارەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان و خواستێکی زۆری لەسەرە.

نانی تیری لە ئاردی گەنم و جۆ بەپێی خواستی کڕیار دروستدەکرێت، هەندێکجار بۆ خۆشکردنی تام و بۆن ڕەشکەی تێدەکرێت، نابێت نانەکە لە شوێنی گەرم و شێدار یان لەبەر خۆردا هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی تێکنەچێت.