سەردێڕ:

وڵاتێکی ئەفریقی ئاژەڵە کێوییەکانی دەفرۆشێت

فۆتۆ: 
2019-06-16

5295 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی زیادبوونی مەترسیی وشکەساڵییەوە، کە چەند ناوچەیەکی جیاجیای لە جیهان گرتووەتەوە، کاریگەریی بەرچاوی کردووەتە سەر ژیانی زیندەوەران و سروشت، وڵاتی نامیبیا یەکێکە لەو وڵاتانە و بڕیاریداوە بە سەدان ئاژەڵی کێویی وڵاتەکەی بفرۆشێت.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو وشکەساڵییەی نامیبیای گرتووەتەوە، ماوەی ٩٠ ساڵە ئەو وڵاتە دۆخی سروشتیی وای بەخۆیەوە نەدیوە.

ئەو کێشەیە پاڵی بە بەرپرسانی وڵاتەکەوە ناوە پەنا ببەن بۆ چەند چارەسەرێکی ڕیشەیی، بە شێوەیەک کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیانی سروشتیی وڵاتەکە، بەتایبەت کاریگەریی لەسەر ژیانی ئاژەڵە کێووییەکان دەبێت.

ڕۆمیۆ مویوندا وەزیری ژینگەی نامیبیا ئاشکرایکردووە، بەهۆی مەترسییەکانی وشکەساڵییەوە دەسەڵاتداران بڕیاریانداوە بە فرۆشتنی هەزار سەر ئاژەڵی کێوی، کە فیل و زەڕافەشیان تێدایە، وەک هەوڵێک بۆ دانانی سنورێک بۆ مرداربوونەوەی ئەو ئاژەڵانە کە وشکەساڵی کاریگەرییەکی بەرچاوی کردووەتە  سەر ژینگە و ژیانیان و، بەدەستهێنانی بڕی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار لەپێناو پشتیوانیکردن لە (سندوقی پاراستنی ژینگەی سروشتی و وشکانی نامیبیا).

مویوندا وتی، "بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمساڵ بۆ ئێمە وشکەساڵییە، وەزارەتی ژینگە خواستی فرۆشتنی ژمارەیەکی جیاجیای لە ئاژەڵە کێوییەکان هەیە لە بەشێک لە باخچە نیشتمانییەکان، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و پاوانەکان، هەروەها کۆکردنەوەی داهاتی پێویست بۆ پاراستنی ژیانی کێوی و باخچە نیشتمانییەکان."

بەگوێرەی ئەو لیستەی بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری فرۆشتنەکە ٦٠٠ سەر گامێشی کێوی و ١٥٠ ئاسک و ٦٥ کەڵەکێوی و ٦٠ زەڕافە و ٣٥ ئاسکی جۆری "ئیلاند" و ٢٨ فیل و ٢٠ بزنە کێوی و ١٦ ئاژەڵی جۆراوجۆری دیکەیە، کە لە سەرجەم باخچە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە کۆکراونەتەوە.

وەزیری ژینگە ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆخی زۆربەی باخچەکانی ئاژەڵان و ئەو شوێنانەی گەشتیاران روویتێدەکەن زۆر خراپە، بۆیە ئەگەر ژمارەی ئاژەڵەکان کەمنەکرێنەوە، ئەوا بەهۆی برسێتییەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ مردار دەبێتەوە.

مانگی ڕابردوو حکومەتی نامیبیا باری نائاسایی نیشتمانیی ڕاگەیاند، بەگوێرەی پێشبینیی دەستەی کەشناسیی ئەو دەوڵەت، کە کەوتووەتە باشوری کیشوەری ئەفریقاوە، چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسیدارترین وشکەساڵی دەبێتەوە، بە شێوەیەک ماوەی ٩٠ ساڵە ئەو وڵاتە دۆخی ژینگەیی وای بەخۆیەوە نەدیوە.

مانگی ئایاری ڕابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی نامیبیا بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی وشکەساڵی و خراپیی لەوەڕگاکانەوە ٦٣ هەزار و ٧٠٠ سەر ئاژەڵی جۆراوجۆر مرداربوونەتەوە.

لە مانگی ئایاری ڕابردوودا حکومەتی ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد، بڕی ٤٠ هەزار دۆلاری لە پرۆسەی هاوکاری و کڕینی خۆراک و دابینکردنی تانکیی ئاو و یارمەتیی جوتیاران خەرجکردووە.

نامیبیا ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە و، پێشتر چەندجارێک داوای هاوکاری کراوە بۆ ئەو وڵاتە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو وشکەیساڵییەی تەنگی پێ هەڵچنیوە و، کاریگەریی لەسەر ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانەکەشی دروستکردووە.

ع.م