سەردێڕ:

تیمەکانی فریاکەوتن لە باڵەکایەتی سێ ڕۆژە بەدوای تەرمی منداڵێکی خنکاودا دەگەڕێن

فۆتۆ: 
2019-06-16

1749 جار خوێندراوەتەوە

مامی ئارامی تەمەن چوار ساڵ چاوەکانی بۆ چرکەیەکیش لەسەر ئاوی ئەم چەمە هەڵناگرێت و چاوەڕوانە، تەرمی برازاکەی دەرکەوێت.

ئەم خانەوادەیە ڕۆژی هەینی لە چەمچەماڵەوە هاتبوون بە مەبەستی گەشت و سەیران بۆ گەلی سەکران لە باڵەکایەتی، بەڵام منداڵەکەیان لە چەمەکەدا خنکاوە و تا ئێستا تەنها بەشێک لە جلوبەرگەکەی دۆزراوەتەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی چۆمان و سۆران، بە وردی لەناو چەمی گەلی سەکران، بەدوای تەرمی ئارامدا دەگەڕێن، ڕێنماییش دەدەنە گەشتیاران و هاوڵاتییان کە نزیک نەبنەوە لەو شوێنانەی ئاوی خوڕی تێدایە.

بەهۆی فێنکیی کەشوهەوا و جوانیی سروشتەکەیەوە ڕۆژانە گەشتیاران و هاوڵاتییانی هەرێم سەردانی ناوچە جیاوازەکانی سنوری باڵەکایەتی دەکەن، گەشتیاران بە پێویستی دەزانن ڕێنمایی پێویستیان پێ بدرێت، بۆئەوەی لەکاتی گەشتەکانیاندا تووشی هیچ ڕووداوێک نەبن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، لە ساڵی ٢٠١٨دا نۆ ڕووداو لە سنوری قەزاکانی سۆران و ڕەواندوز و مێرگەسور و چۆمان تۆمارکراون، بەڵام ئەمساڵ تەنها سێ حاڵەت تۆمارکراون.

ع.م