سەردێڕ:

​وەزارەتى پەروەردە لە چەند وانەیەک نمرە دەبەخشێت بە خوێندکاران

لە بیرکاری و عەرەبی و کوردی
فۆتۆ: 
2019-06-16

6777 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پەروەردە دەرەنجامى ئەو بڕیارانەى ڕاگەیاند، کە لیژنەیەک پێکهێنرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر وانەکانى بیرکارى و کوردى و عەرەبى.

سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ یەکشەممە (١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، "لە وانەى کوردى پرسیارى ١٤ ڕاى جیاوازى لەسەرە، بۆیە دوو نمرە دەدرێت بە خوێندکاران، لەبارەى پرسیارى یەکەمیش لە هەمان بابەت، دوو وەڵام راست دادەنرێت، کە بریتین لە وەڵامى D و B، هەر وەڵامێکیان دیارى کردبێت، ئەمەش دوو نمرەى پێ دەدرێت، خۆشبەختانە لە سەرووى هەزار خوێندکار نمرەى ١٠٠یان هێناوە لە کوردى."

سەبارەت بە وانەى بیرکارى وتى، "هەندێ گلەیى هەبووە، زیاد لە هەزار و ١٠٠ خوێندکار نمرەی ١٠٠یان لە وانەى بیرکارى هێناوە، هاوکات لە وانەى عەرەبى کە هەندێ تێبینى لەسەربووە، لە پرسیارى ١٥ و ٣٧ لە گروپى A دوو نمرە دەبەخشرێت بە خوێندکار بە هەر جۆرێک وەڵامیان دابێتەوە، هەروەها لە پرسیارەکانى ٢ و ٢١ وەڵامەکانى A-B  بە ڕاست دادەنرێت، هەروەها پرسیارى ٢٣ هەڵبژاردنەکانی A-D بە ڕاست دادەنرێن، بۆیە هەریەکێک لەم وەڵامانە دیاریکرابن ئەوا دوو نمرەیان پێ دەدرێت، بۆیە بەدەر لەمە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو."

وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە ڕاشیگەیاند، لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەیى ١١٥ هەزار و ٩٤٥ خوێندکار و لە تاقیکردنەوەى پۆلى ٩ى بنەڕەتییش ١١٨ هەزار و ٣٨٣  خوێندکار بەشدارییان کرد، هەروەها لە ڕێگەى ٢٧ هەزار مامۆستا و بەڕێوەبەرى هۆڵ و سەرپەرشتیار چاودێریى پرۆسەکە کرا.

هاوکات شۆڕش غەفورى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەکان لە دواى هەڵبژاردنەکان گەورەترین پڕۆسەیە کە نزیکەى ٢٥٠ هەزار خوێندکار و مامۆستا و سەرپەرشتیار بەشداریی تێدا دەکەن، خۆشبەختانە ئەمساڵ پێشکەوتنى باشى بەخۆیەوە بینى لەگەیاندنى پرسیارەکان و چاپ و جۆرى پرسیارەکان و دانانى وەڵامى نموونەیى و گرەنتى وەڵام، تاوەکو چاپکردنى لاپەڕەى سۆما بۆیەکەمجار بە ٢٦ جۆرى پرسیار چاپ بکرێت، بۆ ئەوەى دادپەروەرى دروست بێت و کێشەى ڕێژەى گزى کردن کەم ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە بەداخەوە هەندێ کەس لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرپرسانە مامەڵە ناکەن و وا ناکەن لە پڕۆسەیەکى وەهادا دەروونى خوێندکاران جێگیربێت و بشڵەژێنن، ئەمەش بۆ مەرامى بەدەستهێنانى پارە بووە بە بڵاوکردنەوەى هەندێ هەواڵى ناڕاست لەسەر ئەزموونەکان، هەروەها بەشێک لە مامۆستایانى وانەى تایبەتیش کە ژمارەیان زۆر کەمە، لە ڕێگەى لایڤەوە هەندێ قسەیان لەسەر ئەزموونەکان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە کۆتایی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕوونیکردەوە، بە زووترین کات ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن و داواکارن خوێندکارانیش هیچ نیگەرانییەکیان نەبێت.

ڕاشیگەیاند، ڕێکارى پێویست بەرامبەر هەرکەسێک دەگیرێتەبەر ئەگەر پڕوپاگەندەیەکى بڵاوکردبێتەوە، یاخود هەوڵیدابێت ئامێرى هێنابێت، لە سلێمانى ٣ تۆمەتبار دەستگیرکران و دران بە دادگا کە ٣٠٠ ئامێریان هێنابوو بۆ فرۆشتن.

لە ڕۆژی ٢٦ى مانگى ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستاندا بە بەشداریى  ١١٥ ھەزار ٩٤٩ خوێندکاری قۆناغی ١٢ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکان لە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی دەستیپێکرد و ئەمڕۆ ١٦ی حوزەیران کۆتایی بە تاقیکردنەوەکان هات.

بەشێک لە خوێندکاران باس لەوەش دەکەن، هەڵەی تایپ و ڕێزمان لە تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەییدا بوونی هەبووە، لە هەندێک تاقیکردنەوەدا پرسیاری دەرەکییان بۆ هاتووەتەوە.

ع.م